باخچەلی: دەبێ پەکەکە بەبێ هیچ مەرج و دواخستنێک بڕیاری هەڵوەشاندەوەی خۆی بدات

دوێنێ کاژێر 11:10
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە) رایگەیاند، دەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەبێ هیچ مەرج و دواخستنێک و لەژێر رۆشنایی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری هەڵوەشاندەوەی خۆی بدات و چەکەکانیان دابنێن. هەروەها پەسنی شاندی دەم پارتی دەکات و بە هەڤاڵانی ئازیز ناویان دەهێنێت.
 
دەوڵەت باخچەلی، کە بەهۆی نەخۆشییەوە نزیکەی دوو مانگە دەرناکەوێت و لەبارەی رۆژەڤە گرنگ و پرسە چارەنووسسازەکان بە راگەیێندراوی نووسراو، هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت و هەڵسەنگاندن دەکات. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، لە دوایین راگەیێندراویدا باسی پرۆسەی ئاشتی، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی و چەندین بابەتی دیکە کرد.
 
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: "تەواوی هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا، به‌ رێژەیەکی زۆر به‌رز سكاڵایان له‌ تیرۆری جوداخواز هه‌یه‌. ئیدی كاتی هاتووه‌ تیرۆر به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ ژیانمان ده‌ربهێنین. چونكه‌ به‌ تیرۆر هیچ پێگەیەک به‌ده‌ست ناهێنرێت و هیچ ئامانجێكی پێ ناپێكرێت. لە 41 ساڵی رابردوودا بەهۆی تیرۆری جوداخوازییەوە تەنیا کاولکاری، ماڵوێرانی، کوشتن، فرمێسک، یاخیبوون، توندوتیژی و پیسکردنی ژینگە بەدیکراوە."
 
دەشڵێت: "رۆژی 27ی شوباتی 2025، لە چوارچێوەی 'بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' رێبەری دامەزرێنەری رێکخراوی تیرۆریستی [مەبەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە]، داوا کراوە پەکەکە دەست لە چەک هەڵبگرێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم بانگەوازە لە بنەڕەتدا فەرمانە و بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە". 
 
لەبارەی رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کە رۆژی 10ـی ئاداری 2025 لە دیمەشق واژۆکرا، دەوڵەت باخچەلی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "بە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، قۆناخێکی گرنگ تێپەڕێندرا و یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی سیاسیی سووریای دراوسێ پشتڕاستکرایەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ئەکتەرە خۆبەخشانەی وەک رێکخەری پیلانگێڕی دژی وڵاتەکەمان کار دەکەن، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ شێواندنی راستییەکان، بەڵام راستییەکی ئاشکرا و روون ئەوەیە کە یەپەگە/پەیەدە/هەسەدە خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و دەستیان لە چەک هەڵگرتووە".
 
هەر سەبارەت بە رێککەوتنەکە رایگەیاند، یەکگرتنەوەی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان، دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگە نەوت و گازەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ کۆماری عەرەبی سووریادا، دانپێدانان بە کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتی سووریا و پەسندکردنی دەستووری کاتی، بەشێکن لە پێشهاتە جدییەکان کە ناکرێت نکوڵی و پشتگوێ بخرێن. 
 
لەبارەی ئامانجەکانی دامەزراندنی پەکەکە دوا و رایگەیاند، لە رابردوودا، ئامانجی راگەیاندنی دامەزراندنی پەکەکە گەیشتن بوو بە 'کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتوو'. لەو کاتەدا هیچ بژاردەیەک نەبوون وەکو فیدراسیۆن، ئۆتۆنۆمی، خۆبەڕێوەبەری، بەشداریکردن لە کۆمارێکی دیموکراتیدا. ئەمانە لە ساڵانی دواتردا وەک بژاردەی جێگرەوە بە سەپاندن و ئامۆژگاری دوژمنانی تورکیا سەریان هەڵدا. 
 
هەروەها گوتی: "بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ناپاکانە، ستراتیژییەتی 'جەنگی خەڵک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن' گیرایەبەر. میکانیزمەکانی گەیشتن بەم ستراتیژییەتە دەستبردن بوو بۆ پێکهێنانی پارتی، بەرە و سوپا و دەستکردن بە خەباتی چەکداری. قۆناخی دواتری پێکانی ئامانجەکەش بریتی بوو لە پرۆپاگەندەی چەکداری و جەنگی گەریلای ساختە. بەڵام بانگەوازی رۆژی 27ـی ئادار هەموو ئەم رێبازانەی بە ماوە بەسەرچوو ناساند و لەسەر ئەم بنەمایە داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد."
 
سەبارەت بە بەکارهێنانی دەستەواژەی رێبەری دامەزرێنەر، باخچەلی دەڵێت: "ئەوانەی نیگەرانن لە دەستەواژەی رێبەری دامەزرێنەر، ئەوانەی کە ئەم پێناسەیە بە خراپ بەکاردەهێنن، سەرباری ئەوەش بە شێوەیەکی ناهەق و بێ شەرمانە هێرش دەکەنە سەر پارتی بزووتنەوەی میللی، ئەگەر بزانن لە سەرەتادا ئەم سیفەتە هی ئێمە نییە، خاوەندارێتییەکەی لە ئێمەدا نییە، جگە لە ناوێکی رێکخراوەیی و ئایدیۆلۆژیایی هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت، هەروەها عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردەستەی تیرۆریستان کە پەکەکەی دامەزراند و فەرماندەیی کرد، هەمان کات رێبەری دامەزرێنەری رێکخراوەکەیە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی پەسنی دەم پارتی دەکات و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: "بێگومان ئارەزووم دەکرد لە سەردانەکەی سبەینێی [دووشەممە 16ـی ئادار] شاندی دەم پارتی بۆ مەهەپە ئامادەبم و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەین. بەڵام باوەڕم وایە ئەو هاوڕێیانەی بۆ نوێنەرایەتی کردنی پارتەکەمان راسپێردراون، جێگەی من پڕ دەکەنەوە و بیروڕاکانمان بە روونی بە بەرامبەرەکانیان دەگەیێنن. بەو بۆنەیەوە سڵاو بۆ ھەڤاڵانی ئازیزم لە شاندی دەم پارتی دەنێرم و هەوڵەکانیان بۆ 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' پیرۆز بێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە