رووداو دیجیتاڵ
لەدوای سەرۆکی مەهەپە، هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەستەواژەی 'سەرکردەی دامەزرێنەر'ـی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەکارهێنا و ئەمە لەلایەن بەشێک لە نەتەوەپەرستە تورکەکانەوە بووەتە جێی رەخنە و ناڕەزایی.
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا کە رۆژی شەممە 15-3-2025 پەخشکرا، هاکان فیدان باسی ئەگەر و شێوازی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی کرد و گوتی: "لە پەیامەکەی ئیمراڵیدا سەرکردەی دامەزرێنەر بە رێکخراو دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە لە کۆنگرەیەکدا خۆتان هەڵبووەشێننەوە. هیوادارین پەکەکە گوێڕایەڵی بانگەوازەکەی ئیمراڵی بێت و بە بانگەوازێکی مێژوویی بزانێت. پێویستە رێکخراوەکە دەست بە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە بکات. گرنگیشە دامەزرێنەر رێنماییەکی لەمجۆرەیان پێبدات".
پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بە مێژوویی وەسفکردووە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان، رۆژی شەممە 15-3-2025، پەیامێکی لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت: "رێبەر ئاپۆ رۆژی 27ـی شوبات لەڕێی ئەو شاندەی دیداری لەگەڵ کردبوو، بانگەوازێکی مێژوویی بڵاوکردەوە، ئێمەش رۆژی یەکی ئادار لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو بانگەوازەمان دایەوە و بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ هەنگاوی کردەیی، ئاگربەستمان راگەیاند".
هاوکات پەکەکە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات بە هەمان شێوە ئاگربەست رابگەیێنن و بە تەواوی شەڕ کۆتایی بێت، ئنجا قسە لەسەر پرۆسەی ئاشتی بکرێت.
پێش هاکان فیدان، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـش بە هەمان شێوە دەستەواژەی 'سەرکردەی دامەزرێنەر'ی بۆ ئۆجەلان بەکارهێنا.
ئەمە رەخنەی بەشێک لە نەتەوەپەرستانی تورکیا لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتیی باخچەلی کرا.
زۆربەی رەخنەکانیش لەسەر ئەوەبوو کە دەیانگوت:"لە تورکیادا تەنیا مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەرە کە کۆماری تورکیای دامەزراندووە".
چی روویدابوو؟
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "هەتا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ