رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات و چەکەکانی رادەست بکات.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی شەممە، 15ی ئاداری 2025 لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی پەکەکەوە گوتی: ''هەموو درێژکراوەکانی کە لە ژێر ناوی دیکەوە لە جوگرافیای جیاجیا چالاکی دەکەن، لە هەر کوێیەک بن، دەبێت دەستبەجێ بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدەن و بێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان رادەست بکەن''.
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: ''ئەگەر لەم پرۆسە گرنگەی ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕین، بڕیار بێت هەنگاوێکی مێژوویی بنرێت، چارەسەری ناکۆکییەکان بکرێت و هەڵخەڵەتێندراوان ئاشتبکرێنەوە، هەروەها ئەگەر گەیشتبینە قۆناخێک کە تێیدا ئەوانەی تیرۆریان بە بیانووی جیاجیا بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکاردەهێنا، شکستیان هێنابێت، ئەوە لە بەرامبەر باجێکی زۆر گەورەدا بووە''.
گولەر گوتی، ئەو باجە لەلایەن سەربازانی وڵاتەکەیەوە بووە کە لە شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کوژراون.
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی پەکەکەوە باسی لەوەش کرد: ''تیرۆر زیانی بە سەرچاوە و وزەی وڵاتەکەمان گەیاندووە، ئازاری زۆری بە هەموومان چەشت. لەو ماوەیەدا هیچ کاتێک نەترساین و کۆڵمان نەدا''.
گولەر جەختیکردەوە، رێگە نادەن بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست بکرێت یانیش بەلاڕێداببرێت و گوتی: ''ئامانجی کۆتاییمان، هێنانەدی ئاواتی 85 ملیۆن کەسە کە ئەویش کۆتاییهێنان بە تیرۆر، خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکە بۆ سەر وڵاتەکەمان''.
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ