لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشی خانووبەرە 20.6% کەمیکردووە

15-12-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو، فرۆشی خانووبەرە 20.6% کەمیکردووە، بەمەش لەدوای ساڵی 2014ـەوە کەمترین قەبارەی فرۆشتنی خانووبەرە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ تۆمارکراوە.
 
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئاماری فرۆشی خانووبەرەی بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی داتاکان، لە تورکیا و باکووری کوردستان فرۆشی خانووبەرە لە مانگی تشرینی دووەم بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 20.6% کەمیکردووە و لەو مانگەدا تەنیا 93 هەزار و 514 خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
داتاکان دەریانخستووە کە لە مانگی تشرینی دووەمدا فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان 61.5% کەمیکردووە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو. لەو مانگەدا تەنیا دوو هەزار و 342 خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون.  
 
ئەمە لە کاتێكدایە لە تورکیا و باکووری کوردستان فرۆشی خانووبەرە لە مانگی تشرینی یەکەم بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 8.7% کەمیکردبوو و 93 هەزار و 761 خانوو و شوقە فرۆشرابوون.
 
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا زۆرترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیری تورکیا و کەمترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و ئەردەخانی باکووری کوردستان فرۆشراون.
 
لە مانگی تشرینی دووەمدا تەنیا 52 خانوو و شوقە لە جۆلەمێرگ، 57 خانوو و شوقە لە ئەردەخان فرۆشراون. لە ئیستەنبووڵ 15 هەزار و 187، لە ئەنقەرە هەشت هەزار و 250 و لە ئیزمیر پێنج هەزار و 105 خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
لەسەر ئاستی ساڵانە فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ 61.5% کەمیکردووە و دوو هەزار و 342 خانوو و شوقە بە بیانییەکان فرۆشراون. پشکی فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان لەو مانگەدا لە کۆی فرۆشی خانووبەرەدا 2.5% بووە.
 
بە فرۆشتنی 790 خانوو و شوقە بە بیانییەکان ئانتالیا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. دواتر ئیستەنبووڵ بە فرۆشتنی 710 خانوو و شوقە پلەی دووەم و مێرسین بەفرۆشتنی 316 خانوو شوقە بە بیانییەکان لە پلەی سێیەم دێت.
 
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامە لە تورکیا و باکووری کوردستان خانوو و شوقە دەکڕن. هەر بیانییەک 500 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت، مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکی هەیە. 
 
بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە رۆژی سێشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە رۆژانەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە، لەمەودوا ئەو بیانییانەی دەیانەوێ لەرێی کڕینی زەوی وڵاتینامە بەدەستبهێنن، دەبێت زەوییەکەیان بکەنە خانوو یان باڵەخانە. حکومەتی تورکیا بەمجۆرە رێگری لەو بیانییانە دەکات کە تەنیا بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە زەوی دەکڕن و دوای سێ ساڵ دەیفرۆشنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.