رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی پارتی چەپی سەوز جگە لە تورکی، بە زمانی کوردی و عەرەبی و سریانیش سڵاوی کرد، ئەمەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی ئیی پارتی و ئاکپارتی لێکەوتەوە.
بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لە بازنەی مێردین ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 13ـی تەممووزی 2023 لە یەکەم گوتاریدا لە دانیشتنی پەرلەمان، بێجگە لە زمانی تورکی کە تاکە زمانی فەرمییە لە تورکیا، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و سریانی سڵاوی لە خەڵکی پارێزگای مێردین کرد، کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا دەنگیان پێداوە.
پەرلەمانتارانی ئیی پارتی و پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی ناڕەزایەتییان پیشاندا و داوایان لە سەرۆکی دانیشتنەکەی پەرلەمان کرد دەستوەردان بکات و رێگە نەدات ئەو پەرلەمانتارە بێجگە لە تورکی بە زمانێکی دیکە قسە بکات.
سری سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری یەسەپە کە دانیشتنەکەی بەڕێوەدەبرد لە وەڵامدا گوتی: "دەستوەردان لەم کارەدا شەرمەزارییە" و رێگەی بە گونەش دا درێژە بە قسەکانی بدات.
قسەکانی گونەش لە تۆماری فەرمی دانیشتنەکەی پەرلەماندا تۆمار نەکرا و قسەکانی وەک "لەم بەشەدا قسەکەر قسەی بە تورکی نەکردووە" تۆمار کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ