رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای مێرسین، 11 کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە/ کەجەکە دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 14ـی تەممووزی 2023 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێرسین دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 14 کەس دەرکرد.
نزیکەی 190 پۆلیسی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی مێرسین بەرەبەیانی زوو بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی تووند، لە ناوەندی شاری مێرسین و شارۆچکەکانی هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان، کە پێشتر دەستنیشان کرابوون، دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان چوونە ژوورەوە.
تیمەکان 11 کەسیان دەستگیرکرد و لە ئەنجامی پشکنینی ناونیشانەکاندا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامەی رێکخراوەییدا.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا بێت، لە چوارچێوەیەی لێکۆڵینەوەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری مێرسین، دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە ئەندامی پەکەکە/ کەجەکە-ن و لە سووریا شەڕیان بۆ پەکەکە کردووە و لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە بەرژەوەندیی پەکەکە/کەجەکە دروشمیان گوتووەتەوە. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەکەی دیکەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ