رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ بە رووداوی گوت، "گرنگترین پێویستیمان لە پلەی یەکەمدا ئاشتییە، جوگرافیایەکی دوور لە شەڕ. دیبلۆماسییەکی بەهێز و شارێک کە تێیدا یاسا و مافی هەرکەسێک پارێزراو بێت".
ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی2024، بە سەرپەشتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، (لووتکەی شارەوانییەکانی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هاوکاری و ئاشتی) بەڕێوەچوو. لە هەرێمی کوردستانەوە ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرۆک شارەوانی و کاربەدەستانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشداری لووتکەکەیان کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "گرنگترین پێویستیمان لە پلەی یەکەمدا ئاشتییە، جوگرافیایەکی دوور لە شەڕ. دیبلۆماسییەکی بەهێز و شارێک کە تێیدا یاسا و مافی هەرکەسێک پارێزراو بێت، وڵاتان بەهێز دەکات. وڵاتانیش بەو هەستە بەهێزەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاشتی دەستبەر دەکەن. ئەمە روانگەی ئێمەیە. لەم جۆگرافیایەدا کە لانکەی شارستانییەتەکان و ئایینەکانە؛ ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووە مایەی خەمبارییە".
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، کار بۆ ئەوە دەکەن هەموو کەسێک لە شارەکەدا بە بەختەوەری بژی و کەس لە دەوەرەی ئەوە ناهێڵنەوە و گوتی، "ئەم هەوڵە ئیستەنبووڵ و تورکیا بەهێز دەکات".
سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ جەختی کردەوە، بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە مەرجی لە پێشینەیان پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا و پێکەوەژیانە لە ژێر یەک ئاڵا، بە لەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادییەکانی هەموو تاکێک بەبێ جیاوازی.
ئەمڕۆ هەینی 13-12-2024، ئومێد خۆشناو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێک رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئێمە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و هەمەلایەنەمان لە سەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تورکیا هەیە".
کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەریی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە. ئومێد خۆشناو گوتی: ''دەستمان بە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان شارەکان کردووە".
جیا لە هەولێر وەکو پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەغداش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ''گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بە ئاراستەی هەنگاونانی ئاشتی و دروستبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان شارەکانە کە کاریگەریی زۆریان لەسەر پەیوەندیی نێوان گەلانی ناوچەکە و حکومەتەکان هەیە".
ئومێد خۆشناو گوتی، ''ئەمڕۆ باس لە گەشەسەندنەکانی هەولێر لە نێو هەرێمی کوردستان، پێکەوەژیان و هەنگاوی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێمەش لەسەر شاری هەولێر، مێژووی هەولێر و ستراتیژیی هەولێر قسە دەکەین".
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ''قسە لەوە کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵووش سەردانی شاری هەولێر بکات. پەیوەندییەکانمان [لەگەڵ ئیستەنبووڵ] لە هەموو بوارەکان بەرەو پێشەوە دەچن".
بڕیارە کۆبوونەوەکە دوو رۆژ بخایێنێت، بڕیارە دۆخی ناوچەکە بەگشتی و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەپێدانی شارنشینی لە لایەن حکومەتە خۆجێییەکان و رۆڵی شارەکان لە بنیاتنانی ئاشتیدا بخرێنە بەرباس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ