رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا تاوتوێ دەکرێن و رۆژی هەینی ئەنجامەکە رادەگەیێندرێت.
پەرلەمانی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 12ـی ئاداری 2024 لە ستراسبۆرگ لە فەرەنسا دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد؛ کۆبوونەوەکان تاوەکو 14ـی مانگ بەردەوام دەبن و بڕیارە رۆژی هەینی 15ـی ئادار ئەنجامەکان رابگەیێندرێن.
پەیوەست بە تورکیا دوو دۆسیە تاوتوێ دەکرێن. یەکەمیان، دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رۆژی 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو نییە بۆ ئەوەی لەسەر بنچینەکەی، سەلاحەدین دەمیرتاش بە تاوانی تیرۆر سزا بدرێت و گوتی، بڕیاری هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان "پاڵنەری سیاسی" لەپشتە.
ئەو کات دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە 60 هەزار یۆرۆ قەرەبووی مادی و مەعنەوی دەمیرتاش بکاتەوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2018ش داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبووە.
بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پابەندکەرن بۆ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان.
تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری تورکیا بێت، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
دووەمیان، دۆسیەی عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکە کە لە ساڵی 2017ـەوە بە ''تاوانی رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپێشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ خراوەتە زیندانەوە.
کاڤاڵا لە 18ی شوباتی 2020 لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێتاوانی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016 بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. ئەویش چەندینجار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ