رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەران کردووە و لە ماوەی پێنج رۆژدا لە 30 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا نزیکەی 1200 کۆچبەریان دەستگیرکردووە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی، 12ـی نیسانی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی "کاڵکان- 19" کە لە ماوەی پێنج رۆژدا لە 30 پارێزگادا کراوە، هەزار و 177 کۆچبەر دەستگیرکراون.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەدا، لە پێنج رۆژی یەکەمی پشووی جەژنی رەمەزاندا واتە لە 6 تاوەکو 10ـی نیسانی 2024، لە رێگەی 162 خاڵی پشکنینی گەڕۆک کە 103ـیان لە ئیستەنبووڵ بوون، ناسنامەی 22 هەزار و 707 کەسی بیانی وەرگیراوە، دەرکەوتووە کە هەزار و 177 کەسیان کۆچبەری نایاسایین.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، کۆچبەرە نایاساییەکان دەستگیرکراون و دواتر رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکان کراون.
بە گوتەی عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستبەجێ رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ