رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە یەک هەفتەدا نزیکەی نیو ملیۆن شۆفێر لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (یەکشەممە 11ـی ئاب) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماری هەفتەی رابردووی پشکنینی ئۆتۆمبێل و سزادانی شۆفێرانی بڵاوکردەوە.
بە گوتەی یەرلیکایا، لە هەفتەی رابردوودا 436 هەزار و 589 شۆفێر لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان سزا دراون.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، لە رۆژانی یەکی ئاب بۆ هەشتی ئاب، 2 ملیۆن و 609 هەزار و 216 ئۆتۆمبێل لەلایەن تیمەکانی هاتوچۆوە لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان پشکنینیان بۆ کراوە؛ لەو ژمارەیە 436 هەزار و 589 شۆفێر کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی هاتووچۆ، سزای بژاردنیان بۆ بڕدراوەتەوە.
بەگوتەی یەرلیکایا، 127 هەزار و 384 شۆفێر بەهۆی بەزاندنی سنووری خێرایی سزادراون، 26 هەزار و 288 شۆفێر بەهۆی ئەنجامنەدانی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان و، 17 هەزار و 569 کەسیش بەهۆی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی بە بژاردنی پارە سزادراون.
جگە لەوە، 15 هەزار و 151 کەس بێ مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیوە و، 9 هەزار و 891 شۆفێریش بەهۆی بیمەنەکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان سزای بژاردنیان بۆ بڕدراوەتەوە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا 1 ملیۆن و 261 هەزار و یەک ئۆتۆمبێلی نوێ لە تورکیا تۆمارکراون. بەوەش تا ئەو کاتە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە 29 ملیۆن و 987 هەزار و 701 ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ