رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج رۆژی پشووی جەژندا لە باکووری کوردستان و تورکیا 38 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 870ی دیکەش بریندار بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی نیسانی 2024 رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە لە پێنجەمین رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا 618 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، کۆی گشتیی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پێنج رۆژی پشووی جەژندا گەیشتوونەتە سێ هەزار و 71 رووداو، کە بەهۆیانەوە 38 کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و 26ی دیکەش بریندار بوون.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەدا، پۆلیسی هاتووچۆ و یەکەکانی هاتووچۆی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە لە ماوەی پشووی جەژندا بە شێوەیەکی 24 کاژێری بەردەوام بوون لە پشکنینەکانیان.
یەرلیکایا رایگەیاند، لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا لەلایەن تیمەکانەوە 339 هەزار و 280 ئۆتۆمبێل پشکنینیان بۆ کراوە، رێکارەکانی خێرایی و رادار لەسەر 21 هەزار و 807 ئۆتۆمبێل کراوە، رێکارەکانی دیکەش لەسەر 166 هەزار و 590 ئۆتۆمبێل کراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، تاکە مەبەست لە پشکنینەکان دڵنیابوونە لەوەی ئەو هاووڵاتیانەی دەچنە گەشت و گەڕان سەلامەت بن، هەروەها هۆشداری دا لە تیژڕۆیی و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتووچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ