تورکیا
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستگیر کراوەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کراون
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، کە لە چوار شارۆچكەی پارێزگای ئیزمیری تورکیا کرا، 280 کۆچبەری نایاسایی و حەوت قاچاخچی دەستگیر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی پارێزگای ئیزمیر، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە شارۆچکەکانی کارابورون، فۆچا، بەرگاما و دیکیلی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێكدا 280 کۆچبەری نایاساییان دەستگیر کردووە، کە ئامادەکارییان کردبوو بۆئەوەی بە نایاسایی بچنە دەرەوەی تورکیا.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستگیر کراوەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کراون.
پارێزگای ئیزمیر ئاماژەی بەوە داوە، حەوت کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەر کران و رەوانەی دادگە کراون، بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەروەها دەست بەسەر دوو مینی پاس، یەک ئۆتۆمبێل و یەک پاسدا گیراوە، کە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەکارهێندراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، تەنیا لە چوار مانگی رابردوودا 112 هەزار و 404 کۆچبەری نائاسایی دەستگیر کراون، 48 هەزار و 339 لەو کۆچبەرانە دیپۆرت کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ