رووداو دیجیتاڵ
بارۆی ئامەد راپۆرتێکی 60 لاپەڕەیی لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا ئامادە کردووە، لە راپۆرتەکەدا پێشنیازکراوە پێناسەی 'تورکبوون' لە دەستووری ئەو وڵاتەدا لاببرێت.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی بارۆی ئامەد ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ئامەد، راپۆرتەکەی بەناونیشانی "پێداویستی یاسایی و راسپاردە بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پرسی کورد لە تورکیا" بۆ رای گشتی راگەیاند.
بارۆی ئامەد لە راپۆرتەکەیدا، یەک بە یەک ئەو مادانەی خستووەتەڕوو کە بە پێویستی دەزانن لە دەستووری نوێدا بگۆڕدرێن، لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیازەکانیان.
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتەسەر جەختکردنەوە لە 'تورکبوون' کە لە ماددە سەرەتاییەکانی دەستووردا و دەڵێت: "دەبێت دەربڕینی 'نەتەوەی تورک' کە لە زۆر لە مادەکانی دەستوور و لە یاسا جۆراوجۆرەکاندا هەیە، بگۆڕدرێت بۆ 'هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا'.
پێشنیازی بارۆی ئامەد لەبارەی هەموارکردنەوەی مادەی 42 کە رێگری دەکات لە خوێندن بە زمانی دایک بەم شێوەیەیە: "بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە خوێندن بۆ هەموو قوتابیان، بەبێ گوێدانە ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییان، مادەی دەستووری تایبەت بە رێکخستنی مافی پەروەردە پێویستە لە دەربڕینەکانی قەدەخەکردنی خوێندن بە زمانی دایک پاک بکرێتەوە. لەگەڵ پەیڕەوی نوێ، پێویستە مافی خوێندن بە زمانی دایک لە رووی دەستوورییەوە مسۆگەر بکرێت".
ناهید ئەرەن هەروەها سەرنجی بۆ مادەی 66ـی دەستووری تورکیا راکێشا کە تێیدا هاتووە: "هەرکەسێک لە رێگەی وڵاتینامەوە پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکەوە هەبێت، تورکە" و گوتی: "مادەی 66 یەکێکە لەو رێسایە بنەڕەتیانەی کە هەست بە پەراوێزخستن و بە نامۆبوون دروست دەکات. پێویستە ئەم مادەیە بە پشتبەستن بە 'وڵاتینامەی کۆماری تورکیا' رێکبخرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ