رووداو دیجیتاڵ
گەنجێك لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا لە لایەن پەناخوازێکی سووریاییەوە کوژرا. خزم و دراوسێی کوژراوەکە چوونە سەر شەقام و دژی مانەوەی پەناخوازان لە وڵاتەکەیاندا دروشمیان گوتەوە و رێپێوانیان کرد.
رووداوەکە شەوی رابردوو لە گەڕەکی "باغڵارچەشمە" لە ناوچەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ روویدا. گەنجێک بەناوی نیهاد تاراک دوای دەمەقاڵەی لەگەڵ پەناخوازێكی سووریایی نیشتەجێی گەڕەکەکە، بووە شەڕیان. پەناخوازەکە چەقۆیەکی لەسەر دڵی گەنجەکەدا و بەو هۆیەوە گەنجەکە گیانی لەدەستدا.
دوای رووداوەکە خزم و دراوسێکانی نیهاد چوونە سەر شەقام و دژی مانەوەی پەناخوازان لە وڵاتەکەیاندا دروشمیان گوتەوە و رێپێوانیان کرد.
ئەو خەڵکە تووڕەیە، هێرشیان کردە سەر شوێنکار و دووکانی پەناخوازانی سووریایی و دروشمی "ئێمە لە تورکیا پەناخوازمان ناوێت" ـیان گوتەوە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هاووڵاتییەکمان بە ناوی نیهاد تاراک گیانی لەدەستداوە. تۆمەتباری هەڵاتوو کە کەسێكی بیانییە بە ناوی 'ئا.هـ.' لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگا دەستبەسەرکراوە".
نیهاد تاراک خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ