رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی تورکیا، لە 6 مانگدا 221 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون. 125 لەو ژنانە بە چەک کوژراون.
فیدراسیۆنەکە رۆژی سێشەممە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راپۆرتی خۆی لەبارەی کوشتنی ژنان لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2024 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 221 ژن کوژراون؛ 80 ژن لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە کوژراون و 37 ژن لەلایەن هاوژینی پێشوویانەوە کوژراون؛ 42 ژنیش بە شێوەی گوماناوی کوژراون.
لە وردەکاریی راپۆرتەکەدا هاتووە، 125 لەو ژنانە بە چەک و 47ـی دیکەیان بە ئامێری جیاواز کوژراون؛ 109 لەو ژنانەی کوژراون ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو؛ 56یان ژیانی هاوژینییان پێکنەهێنابوو و 32 ژنیش دیار نییە ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو یان نا.
126 ژن لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون، 7 ژن لە شوێنی کار و 66 ژنیش لە شوێنی گشتی کوژراون.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا لە حوزەیراندا 38 ژن کوژراون؛ 19 لەو ژنانە لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکانیان؛ 4 ژن لەلایەن هاوژینی پێشوویانەوە کوژراون؛ ژنێکیش بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ