تورکیا
ئەو ئەکتەرەی لە فیلمەکەدا رۆڵی ژنێکی کورد دەبینێت کە بە زمانی کوردی وەڵامی دادوەرە تورکەکە دەداتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵقەی کۆتایی وەرزی دووەمی زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی 'شەخسییەت' کە لە بەشێكیدا ئاماژە بە قەدەخەکردنی زمانی کوردی دەکات و تێدا کوردی بە زمانی نەزانراو ناوبراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا مشتومڕی ناوەتەوە.
زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی 'شەخسیەت' کە وەرزی یەکەمی خەڵاتی ئێمیی وەرگرتووە، لە وەرزی دووەمدا باسی رووداوەکانی 'بکەرنادیار'ی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو لە باکووری کوردستان و دایکانی شەممە دەکات.
ئەڵقەی کۆتایی وەرزی دووەمی زنجیرەکە لەلایەن دامەزراوەی 'Gain' پەخشکرا کە پلاتفۆرمێکی ناوەڕۆکی ڤیدیۆی نەوەی نوێیە و لە ساڵی 2019 لە چوارچێوەی 'راوێژکاری بەین' دامەزراوە، پێکهاتووە لە کورتە ڤیدیۆی پەروەردەیی و سەرگەرمی کە بە گشتی مەبەست لێی سەیرکردنە لەسەر ئامێرە مۆبایلەکان.
دوای بڵاوکردنەوەی ئەڵقەکە لەلایەن دامەزراوەی 'Gain'، ئەو بەشەی ئەڵقەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و بووە ترێند و کاردانەوەی زۆری بەدواداهات.
لە بەشێکی ئەڵقەکەدا، دادوەر قسەی ژنە کوردێك دەبڕێت کە زمانی تورکی نازانێت و بە جلوبەرگی کوردییەوە لە دادگە بە کوردی بەرگری لە خۆی دەکات، دادوەرەکە خۆی لە ژنە کوردەکە تووڕە دەکات و دەڵێ، "باشە چیم پێگوتیت خانم، بە تورکی قسە بکە، چل جار پێم گوتیت". کاتێک ژنەکە بە کوردی وەڵام دەداتەوە، ئەو فەرمانبەرەی نووسەری دانیشتنەکەیە بە دادوەرەکە دەڵێت، "ئاغام ئەگەر تۆ بتەوێت دەتوانم وەریبگێڕم، دادوەر لە وەڵامدا دەڵێت، پێویست ناکات، یاسا چی دەڵێت، زمانی دایکی هەموو کەسێک تورکییە، بڕاوەتەوە. "
کارمەندەکە دەڵێت، "بەڵام نازانێت"؛ دادوەر وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ، "خۆت مەخە ناو بابەتەکەوە، تەنیا دانیشە و بنووسە"، دۆخەکەی بەم وشەیە تۆمار کرد کە: "...چونکە تۆمەتبار رەتیدەکاتەوە بە زمانی تورکی قسە بکات و پێداگری دەکات لەسەر قسەکردن بە زمانێکی نەزانراو".
لە وەرزی نوێی زنجیرەکەدا ئاماژە بۆ یەشیل دەکرێ کە ساڵانێکە لە دەرەوەی وڵات بووە و لە رووداوەکانی 'بکەرنادیار'دا تێوەگلاوە.
مەحموود یڵدرم ناسراو بە 'یەشیل' و 'تۆرۆسی سپی' بە یەکێك لە ئەنجامدەرانی رووداوەکانی بکەرنادیاری ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو و ژیتەم لە باکووری کوردستان دەناسرێت.
ژیتەم پێكهاتەیەكی نهێنیی دەوڵەت بوو، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردوو بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی هەبوو و سەتان تاوانی كوشتنی لە دژی سیاسەتڤانان، بەرپرسانی حكومی و حیزبی، سەرمایەداران، ئەفسەرانی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان، بەرپرسانی پەكەكە و كەسایەتییەكانی كورد کردووە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكپارتیدا 18 گومانلێكراو بە تۆمەتی تاوانی بکەر نادیار دەستگیركران، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویست و بەرجەستەكراو لە دژی گومانلێكراوەكان نەبوو، یەكەمین دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانبوونیانی دەركرد و ئازادكران.
لە 23ی ئایاری 2021 فەرمانگەی سزا قورسەكانی دادگای هەرێمیی لە توركیا، بڕیاری دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەی لەبارەی بێتاوانناساندنی ئەو 18 کەسە هەڵوەشاندەوە. لەو چوارچێوەیەدا هەریەك لە محەممەد ئاغار، وەزیری پێشووتری ناوخۆی توركیا و كۆركوت ئەرەن، سەرۆكی فەرمانگەی تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی دەزگای هەواڵگری و چەندین فەرماندەی سەربازی و كەسانی دەستڕۆیشتوو دادگایی دەكرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ