رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رووسیا RIA، سەردانەکەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ تورکیا کە پێشبینی دەکرا رۆژی 12ـی شوبات بکرێت، بۆ دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دواخراوە.
ئەو ئاژانسە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەداوە، پووتین دەتوانێت لە کۆتایی مانگی نیسان یان سەرەتای مانگی ئایاردا سەردانی تورکیا بکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز هەفتەی رابردوو بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی تورکیا رایگەیاند، پووتین لە 12ـی شوبات سەردانی تورکیا دەکات. هەروەها یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کریملن لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا رایگەیاند، کە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی پووتین لە 12ـی شوبات دەکرێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن بەیانی رۆژی چوارشەممە، 7ی شوباتی 2024، ئاماژەی بەوەدابوو، ئامادەکارییەکان بۆ دیداری پووتین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوامە.
بڕیارە لە رۆژانی 15-17ـی ئاداردا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رووسیا و لە 31ـی ئادار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بکرێت.
سەردانی پووتین بۆ تورکیا یەکەمین سەردانی دەبێت بۆ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ لەدوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە.
ئەنقەرە هەوڵدەدات رووسیا رازی بکات بگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەش، کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیایە و هەناردەکردنی پارێزراو لە بەندەرەکانی ئۆکراینا دابین دەکات، دوای ئەوەی مۆسکۆ لە مانگی تەمموزی رابردوودا لێی کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ