رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئادانای تورکیا لە ماوەی کەمتر لە نیو کاژێردا چوار بوومەلەرزە بە گوڕی 4.6، 4.5، 4.0 و 3.7 پلە بە پێوەری رێختەر روویاندا.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، کاژێر 05:32 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئاب، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر لە شارۆچكەی کۆزان روویدا.
بەگوێرەی ئافاد بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7.6 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بوومەلەرزەی دووەم لە کاژێر 05:33 خولەک بە گوڕی 4.5 پلە، بوومەلەرزەی سێیەم لە کاژێر 05:34 خولەک بە گوڕی 4.0 و بوومەلەرزەی چوارەم لە کاژێر 05:58 خولەک بەگوڕی 3.7 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕی فەرمی ئافاد بڵاوکراونەتەوە، چەقی ئەو سێ بوومەلەرزەیە لە هەمان شارۆچکەیە و لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر تۆمارکراون.
بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی دەوروبەر هەستی پێکراوە. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی دروستبووە.
بەهائەدین ئاڵپ ئارسڵانکۆیلو، قایمقامی شارۆچکەی کۆزان رایگەیاند، "تائێستا لەبارەی هیچ دۆخێکی نەرێنی هەواڵمان بەدەست نەگەیشتووە، ئەو هاووڵاتییانەی ئێمە کە لە باڵەخانەکاندا دەژین، وەکو رێکارێکی خۆپارێزی لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە".
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەدا، لە کاژێرەکانی 05:32، 05:33 و 05:34 سێ بوومەلەرزە لەسەر یەک روویانداوە، ئافاد و سەرجەم تیمەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە پشکنینی ئەو ناوچەیەی بوومەلەرزە لێی روویدا کە لە پارێزگاکانی دەوروبەریش هەستی پێکرا. تا ئێستا هیچ دۆخێکی نەرێنی نییە.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان پارێزگای مەرەش بوو، 10 پارێزگای تورکیایان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا بەهۆیەوە 53 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ