رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بۆڵو ـی تورکیا لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێکی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرێک 18 کەس بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 7ی تەممووزی 2023، لەسەر رێگەی خێرای ئەنادۆڵ لە بەشی بۆڵو لە ناوچەی یەنیچاغا روویدا. بارهەڵگرێک کە بە ئاراستەی ئەنقەرە دەڕۆیشت، لەگەڵ پاسێکی نەفەرهەڵگردا پێکیاندادا.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە رووداوەکەدا 18 کەس بریندار بوون و بەگوێرەی زانیارییەکان، تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
بریندارەکان کە هەندێکیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندا گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەرهێنران و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
ئەرکان کڵچ، پارێزگاری بۆلو لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە رووداوەکەدا 18 بریندارمان هەیە، یەکێکیان تەندروستیی سەختە. بە گشتی 15 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون"
پارێزگاری بۆلو ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی لەسەر رێگەکە گیراونەتەبەر و گوتی، "بەهۆی رووداوەکەوە گرفت بۆ هاتووچۆ دروستبووە."
دوای لابردنی ئۆتۆمبێلەکان، رێگەکە بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ