رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ، 34 کەس دەستگیرکراون.
کاژێر 11:46 خولەکی دوێنێ سێشەممە، لە بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ بە چەک هێرش کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس.
لە هێرشەکەدا دوو هێرشبەر کوژران و شەش کەسیش بریندار بوون کە سێیان پۆلیس بوون، دواتر یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئێوارەی هەمان رۆژ لەبارەی هێرشەکە لێدوانی بۆ رۆژنامەڤانان دا و گوتی، "پێنج داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دانراون و تائێستا 34 کەس دەستگیرکراون."
ئاماژەی بەوەشدا، سێ کەس هێرشەکەیان کردووە، دوویان کوژراون و یەکێکیان بە برینداری دەستگیرکراوە.
وەزیری دادی تورکیا سەبارەت بەو دوو هێرشبەرەی کە کوژراون و گوتی، "یەکێکیان لە ساڵی 2004 سزای بەسەردا سەپێندرا و دوای 15 ساڵ زیندانیکردن، سزاکەی تەواو بووە. دۆسیەی ئەو ژنە تیرۆریستە هێشتا لە دادگەی باڵا بەردەوامە و ماوەی چوار ساڵ و دوو مانگ زیندانی کراوە. "
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای هێرشەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەو دوو هێرشکارەی کوژراون کە یەکێکیان ژنە، ئەندامی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە بوون، کە رێکخراوێكی چەپی تورکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ