رووداو - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا دەستگیرکردنی خوشکێکی ئەبوبەکر بەغدادی لە باکووری سووریا پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، لەسەنتەرێکی دیپۆرتکردنەوە دەستبەسەرە.
بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە رۆژی دووشەممە 4-11-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکدا خوشکێکی بەغدادی بەناوی رەسمیە عەواد، کە تەمەنی 65 ساڵە دەستگیربکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاند، رێوشوێنە یاساییەکان دژ بە خوشکەکەی بەغدادی کە تەمەنی 65 ساڵە گیراوەتەبەر کە لە سەنتەرێکی دیپۆرتکردنەوە دەستبەسەرە و چارەنووسی لەلایەن دادگاوە بڕیاری لێدەدرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەوەوە ئاشکرا نەکرد کە ئایا دادگاییەکەی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت یان نا.
خوشکەکەی بەغدادی لە نزیک شارۆچکەی عەزاز لە باکووری سووریا دەستگیرکراوە. کە بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، بەغدادی بەدەر لەم خوشکە پێنج برا و چەند خوشکێکی دیکەی هەیە، بەڵام دیارنییە چەند لە خوشک و براکانی بەغدادی ئێستا لە ژیاندا ماون.
رۆژی (یەکشەممە 27-10-2019) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە، بەڵام دواتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دوو منداڵ بوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ