رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی نێوان تورکیا و ئیمارات لە دوبەی واژۆکرا، هەردوو وڵات رێککەوتن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لەرێگەی لادانی رسووماتی گومرکییەوە بۆ ساڵانە 40 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
عەبدوڵڵا تەوق ئەلمەری، وەزیری ئابووریی ئیمارات رایگەیاند "بەپێی ئەم رێککەوتنە، رسووماتی گومرکی لەسەر 93٪ـی کاڵا نانەوتییەکان کەمدەکەینەوە یان بە تەواوەتی لادەبرێت. ئەمە دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بۆ زیاتر لە 40 ملیار دۆلار لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا، بەراورد بە ئێستا کە 19 ملیار دۆلارە".
واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرەتای مانگی رابردوو، زیانێکی گەوری ئابووری بەرکەوتووە، کە بە سەرووی 80 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە، یارمەتیی ئەو وڵاتە دەدات خێراتر دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە.
محەمەد مووس، وەزیری بازرگانیی تورکیا لەبارەی رێککەوتنەکەوە دەڵێ "رێککەوتنێکی گشتگیرە و هەموو بوارەکانی بازرگانی لەخۆدەگرێت. هەر لە بازرگانی کاڵا و شتومەکەوە تاوەکو بازرگانیی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکان. هەروەها کاری بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان لەخۆدەگرێت تاوەکو مافی پاراستنی بەرهەم. لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، ئاستی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئیمارات بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستێکی نوێ، کە یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی کەنداو بۆ کاری بازرگانی".
بەپێی بەرپرسانی ئیمارات، رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی نێوان دوو وڵاتەکە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت.
سانی ئەحمەد ئەلزیدوودی، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ بازرگانیی بیانی رایگەیاند "لە بازاڕی ئیماراتدا، پێشبینیدەکەین رێککەوتنەکە 25 هەزار هەلی کاری نوێ بۆ شارەزایانی ئاستبەرز دروستبکات. لە بازاڕی تورکیاشدا سەرووی 100 هەزار هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت".
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتیی نێوان تورکیا و ئیمارات لە ساڵی 2022ـدا 19 ملیار دۆلار بوو، بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە و بەراورد بە ساڵی 2020 یش بەرێژەی 112٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ