رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 2020 لە تورکیا و باکووری کوردستاندا رێژەی جیابوونەوە (تەڵاق) و هاوسەرگیری کەمیکردووە.
بەگوێرەی دەستەی ئاماری تورکیا لە ساڵی 2020دا 487 هەزار و 270 کەس لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردووە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2019، بە رێژەی 10.1% کەمیکردووە.
هەروەها لە ساڵی 2020 بەراورد بە ساڵی 2019 ژمارەی ئەو هاوژینانەی جیابوونەتەوە 13.8% کەمیکردووە. لە ساڵی 2019دا 156 هەزار و 587 کەس و ساڵی رابردووش 135 هەزار و 22 کەس جیابوونەتەوە.
35.3%ی ئەوانەی لە ساڵی 2020دا جیابوونەتەوە ماوەی پێنج ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە، 20.7%یشیان ماوەی 6 - 10 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە.
لەو 135 هەزار و 22 کەسەی لە 2020دا جیابوونەتەوە مافی بەخێوکردنی 124 هەزار و 742 منداڵ دراوە، زۆرترین مافی بەخێوکردنی منداڵ دراوەتە دایک.
لە ساڵی 2020دا 75.8%ی مافی بەخێوکردنی منداڵ دراوەتە دایک و 24.2%ی دراوەتە باوک. بەراورد بە ساڵانی رابردووش، تێکڕای تەمەنی ئەو کچ و کوڕانەی بۆ یەکەمینجار هاوسەرگیرییان کردووە بەرزبووەتەوە.
لە ساڵی 2001 بەرزترین تەمەنی هاوسەرگیری ئەو کوڕانەی بۆ یەکەمینجار هاوسەرگیرییان کردووە 26 ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی 2020دا بۆ 27.9 بەرزبووەتەوە. لە ساڵی 2001 بەرزترین تەمەنی هاوسەرگیری ئەو کچانەی بۆ یەکەمینجار هاوسەرگیرییان کردووە 22.7 ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی 2020دا بۆ 25.1 بەرزبووەتەوە.
هەروەها جیاوازیی تەمەن لەنێوان ئەو کچ و کوڕانەی کە بۆ یەکەمینجار هاوسەرگیرییان کردووە بە 2.8 ساڵ تۆمارکراوە.
بەگوێرەی لێکۆڵەرە کۆمەڵایەتییەکان، دۆخی ئابووریی وڵات بەتایبەتی لە سێ ساڵی رابردوودا، هەروەها بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری بووە لە تورکیا. بەو پێیەی هاوسەرگیری لە تورکیا تێچووی زۆرە، بەو هۆیەوە گەنج درەنگتر ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ