رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دەستپێشخەرییەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و قەیووم کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، بڕیارە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی، کاژێر 10:00ی سبەی شەممە 9ی مانگ لە ئەنقەرە کۆببێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، کە لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ هاوسەرۆکان و ژمارەیەک پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی دەم پارتی دەستیپێکرد.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی لەبارەی دانانی قەیووم بەسەر هەر سێ شارەوانییەکانی دەم پارتی لە مێردین، ئێلیهـ و شارۆچکەی خالفەتی لە رووها، هەڵوێستی نوێ و پلانی نوێی چالاکییەکانی ئاشکرا دەکات.
هەروەها باس لە پرسی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەکات.
دوای کۆبوونەوەکە، راگەیێندراوێک بڵاودەکرێتەوە و تیشک دەخرێتە سەر تەواوی مژارە جیاوازەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ