لە ئیستەنبووڵ خوێندکارێکی کورد لەلایەن دوو خوێندکارەوە ئەشکەنجە دەدرێت

05-01-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی کۆچ لە ئەستەنبووڵ، خوێندکارێکی کوردی عەلەوی لەلایەن دوو کەس، کە لە ژوورەکەیدا ماونەتەوە، ئەشکەنجە دراوە و گوتەی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر کراوە، هەروەها داوای لێکراوە کڕنووش بۆ دوو کەسەکە ببات.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023 روویداوە. پێنج تۆماری دەنگی لە قسەکانی ئەو دوو خوێندکارە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەدا هەن کە بەو خوێندکارە کوردە دەڵێن: "ئێوە میللـەتێکی بندەستن، دەبێت کۆمەڵکوژ بکرێن. دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کۆیلەن. دەبێت کڕنۆش ببەیت و ئێمە لەم ژوورەدا تۆمان ناوێت. ئەگەر لێرە نەڕۆیت، دەتکوژین." 
 
"ف.ب." ناوی خوێندکارە کوردەکەیە و تەمەنی 21 ساڵ، هەڵگری خەڵاتی رێکخراوی توێژینەوەی تەکنیکی و زانستیی تورکیایە و لە زۆربەی زانکۆکانی تورکیا و دەرەوەی وڵات ئۆفەری وەرگرتنی بۆ هاتووە.  
 
"ف.ب." لە زانکۆی کۆچ لە ئەستەنبووڵ بە سکۆلەرشیپی تەواو دەستی بەخوێندن کردووە و لە 19ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ژوورێکی بەشی ناوخۆیی ئەو زانکۆیە لەگەڵ هەریەک لە "حەسەن ئەگە. ک." ـی تەمەن 21 ساڵ و "ئاردا د."ـی تەمەن 22 ساڵ دەمایەوە. 
 
چیرۆکی رووداوەکە
 
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023 کاتێک خوێندکارە کوردەکە چووە خۆی بشوات، سەرەتا "حەسەن ئەگە. ک." لێیداوە و دواتر هەوڵیداوە بە ئاسنێکی گەرم دەموچاوی بسووتێنێت. پاشان کاتێک لە حەمامەکە هاتووەتە دەرەوە، ئەمجارەیان "ئاردا د." هێرشی کردووەتەسەری و هەوڵی داوە قوڕگی خوێندکارە کوردەکە ببڕێت، بەڵام ئەو بەرگری لە خۆی کردووە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا گەدە و دەموچاوی بریندار بووە و دواتر لەلایەن پاسەوانانی بەشی ناوخۆییەکەی براوەتە نەخۆشخانە.
 
لەسەر داواکاریی ئەو خوێندکارە کوردە و خێزانەکەی، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
"ئاردا د." لە گوتەکانیدا دانی بەوەداناوە کە خوێندکارە کوردەکەی بە چەقۆ بریندار کردووە. خوێندکارە کوردەکەش گوتوویەتی، "حەسەن ئەگە ک." جیاکاری لە دژی من کردووە، چونکە من عەلەوی بووم و ویستی لە ژوورەکە دەرم بکات. 
 
پارێزەری یەکێک لە خوێندکارە رەگەزپەرستەکان لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاندووە، ئەو دوو خوێندکارەی هێرشیان کردووەتە سەر خوێندکارە کوردەکە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن داواکاری گشتیەوە بە مەرجی دادوەری ئازادکراون. 
 
دوای کاردانەوەی زۆری رووداوەکە لە سۆشیال میدیا، زانکۆی کۆچ رۆژی چوارشەممە چواری کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
تونجای باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی شەوی پێنجشەممە چواری کانوونی دووەمی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی هێرشەکە کاردانەوەیان پێشان دا و داوایان لە کاربەدەستان کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. 
 
تونجای باکرهان رایگەیاند، "هێرشە رەگەزپەرستییەکان بەهۆی عەقڵی سیاسی ئەمڕۆوە بووە و قبووڵ ناکرێت. رۆشنایی نەخستنە سەر ئەو هێرشانە خۆراک بە فاشیزم دەدات." 
 
تولای هاتیمۆغوڵڵاریش رایگەیاند: "هێرشی رەگەزپەرستانە دژی خوێندکارێکی کورد-عەلەوی لە زانکۆی کۆچ جێگای قبووڵ نییە. ئەو هێرشە رەگەزپەرستانانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەکرێنەسەر سەر پێکهاتەی فرەیی و توانای پێکەوەژیان لەگەڵ جیاوازییەکانمان؛ رێگە بۆ تاوانی رق و کینە خۆش دەکات."
 
بارۆی ئامەد(سەندیکای پارێزەران) رایگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو خوێندکارە کوردە دەکەن کە بەهۆی ئەوەی کورد و عەلەوی بووە هێرشی کراوەتەسەر.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.