رووداو دیجیتاڵ
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە ماوەی نزیکەی مانگی رابردوودا زنجیرەیەک هەنگاو و پێشنیازی ئەرێنیی بۆ دەم پارتی خستووەتەڕوو، دوایین پێشنیازیش سەردانی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی. دەم پارتی بە فەرمی داوای لە وەزارەتی داد کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیدار بکات.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: "داواکاریی دەم پارتی بۆ دیدار رۆژی 26-11-2024 واتا هەفتەی رابردوو گەیێندراوەتە وەزارەتی داد. هەڵسەنگاندنمان لەمبارەیەوە بەردەوامە. لە ماوەیەکی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە".
سەرەڕای هەنگاوەکان، بێدەنگییەک باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە، رەخنە لە دەم پارتیش دەگیرێت بەوەی بە گەرم و گوڕی هەنگاو بۆ چارەسەری پرسی کورد نانێت، بەڵام دەم پارتی ئەمە رەتدەکاتەوە.
هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "دەم پارتی لایەنی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە چوارچێوەیەکی ئاشتی و لە زەمینەیەکی دیموکراسی، هەر چییەک بکەوێتە سەر شانی، ئامادەیە بیکات. ئێمە پرسیارە گەوهەرییەکە ئاراستەی ئەوان دەکەین؛ ئایا چارەسەرێکی دیموکراسی، پرۆژەیەک، ئایا سەرۆککۆمار کە دەڵێت 'بێهیوام' پرۆژەیان بۆ ئاشتی چییە؟ نەوەک هەر دەم پارتی، تەواوی وڵات بە 85 ملیۆن کەسەوە تامەزرۆی وەڵامی ئەم پرسیارانەیە".
زۆربەی سیاسەتڤان و چاودێران تامەزرۆن، سەرۆکی ئیی پارتی پرۆسەی چارەسەریی رابردووی بە شکستخواردوو ناوبرد و دەڵێت، ئەردۆغان ئەمجارە هەمان هەوڵ لەڕێی باخچەلییەوە دەدات.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی باسی لەوە کرد، "بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان لە سەکۆی پەرلەمانەوە بۆ رێکخراوی تیرۆرستی، هەروەها چوونی بەرپرسانی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و دیدار بەناوی چارەسەری! ئایا بەڕێز سەرۆککۆمار لە کام پەنجەرەوە سەیریئەم دوو بابەتە دەکات و چۆن هەڵسەنگاندنێک دەکات؟ دەمانەوێ بزانین".
دەوڵەت باخچەلی بەم سەردان و تەوقەیەی لەگەڵ هاوسەرۆک و بەرپرسانی دەم پارتی، دەرگای لەبەردەم پرۆسەیەکی چارەسەری واڵاکرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە بەهادار ناوبرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەمبارەیەوە نەناوە. پرۆسەکە لە ئەنقەرە بووەتە رۆژەڤ، بەڵام هێشتا هیچ ناوێکی لێ نەنراوە و چاوەکان لەسەر هەڵوێستی ئەردۆغانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ