رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، داوا لە سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا دەکات، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان بکەن.
دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەبارەی دانانی قەییوم شارەوانییەکانی ئەسەنیورت-ی ئیستەنبووڵ، خەلفەتی رووها، مێردین و ئێلیهـ، داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە پەرلەمانی تورکیا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیایە و بڕیاری قەییومکردنەکانیش پەیوەندیی بە شارەوانییەکانەوە هەیە، بۆیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردووە بۆ ئەوەی پرسی قەییوم چارەسەر بکرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئەو داواکارییەی جگە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی، ئاراستەی سەرجەم سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان کردووە بە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەشەوە.
هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا، رەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربڕی. بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا؛ محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و مستەفا دەستەجی؛ سەرۆکی پارتی یەکبوونی مەزن، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پرسی قەییومکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیە و خەلفەتی ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر رازی دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سێ سەرۆکشارەوانیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی لەکارلادان و قەییومی خستە شوێنەکانی. رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمیش سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورت-ی ئیستەنبووڵ کە ئەندامی جەهەپە-یە لەکارلاردا و قەیومی لە شوێنەکەی دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ