رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا کۆتاییهات. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە سووریا و عێراق کراوەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 3ی تشرینی یەکەم، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:40 خولەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە دەستیپێکرد و دوای سێ کاژێر و نیو کۆتاییهات.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار راگەیێندراوێکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوە، کە سێ خاڵیان تایبەت بوون بە "تیرۆر".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵات، کە بە پلەی یەکەم لە بەرامبەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش، دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکگرتوویی و یەکپارچەییمان دەکرێن، زانیاریی پێویست دراوە بە ئەنجوومەنی ئاسایش".
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێوشوێنی نوێ سەبارەت بە چالاکییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی "رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە" تاوتوێ کراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هاوکاری لەگەڵ عێراقیش کراوە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەگەڵ عێراقی دراوسێمان، سەبارەت بە پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە-یەپەگە، لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا جەخت لەسەر شەڕی دژی تیرۆر کرایەوە".
هەروەها تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین دووپاتکردووەتەوە و قەدەخەکردنی گەشتکردنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئیسرائیل سەرکۆنە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ