رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی، ساڵی 2023ـدا لانیکەم 208 هێرشی نەژادپەرستی کراوەتە سەر کورد، عەلەوی و کۆچبەران لە تورکیا و ئەنجامدانی هێرشی رەگەزپەرستی لە ژیانی رۆژانەدا "بووەتە رۆتین".
ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024 راپۆرتی خۆی سەبارەت بە هێرشی رەگەزپەرستی دژی کورد و عەلەوی و کۆچبەران لە تورکیا بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە لەسەر بنەمای ئەو هێرشانە ئامادەکراوە کە لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە و بوونەتە هەواڵ. بە گوێرەی راپۆرتەکەش، لە ساڵی 2023دا لانیکەم 208 هێرشی رەگەزپەرستی و دژایەتی و سووکایەتیکردن لە دژی کورد و عەلەوی و کۆچبەران لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی دەڵێت، هێرشی زۆر بۆ سەر گوتە و هەڵوێستی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن کراوە، دوای بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی 2023، هێرشی نەژادپەرستانە لە دژی ئەو کۆچبەر و عەلەوییانە کراوە کە لە گوندەکان دەژین، هەروەها رووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی، لە ساڵی 2023 ـدا لە وەرزشەوە بگرە تاوەکو زیندان و زمانی دایک، لە گەورەشارەکاندا کورد رووبەڕووی هێرش و چالاکی رەگەزپەرستی بوونەتەوە، هەروەها هەواڵی زۆریش لەبارەی هێرش و تووندوتیژی و رەگەزپەرستی و بێبایەخکردنی کورد لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، "هاوشێوەی زۆر لەو خێزانانەی کە ساڵانێکی زۆر بوو ناچاربوون ناسنامەی عەلەوی و کوردایەتی خۆیان بشارنەوە، ئەمڕۆ خێزانە کۆچبەرەکان ئامۆژگاری منداڵەکانیان دەکەن کە ناسنامەکەیان بشارنەوە و ئاگاداریان دەکەنەوە کە لە شوێنی فەرمیدا بە زمانی خۆیان قسە نەکەن. لە سەروویانەوە ئامەدسپۆر و زۆر لە تیپەکانی ناوچەکانی دیکە رووبەڕووی گوتەی رەگەزپەرستانە و تووندوتیژی دەبنەوە لە یاریگاکان و لە دەرەوەی یاریگاکاندا. لە پاڵ ئەمەدا لە پەرلەمانی تورکیا زمانی کوردی بە "زمانێکی نەناسراو-X" پێناسە کراوە و لە هێرشکردنە سەر پاسەکانی شارەکانی ناوچەکە (باکووری کوردستان) تاوەکو هێرشکردنە سەر بارەگای پارتە سیاسییەکان، هێرشی رەگەزپەرستی لە ژیانی رۆژانەدا بووە بە رۆتین."
ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ساڵی 2023 لە دژی ناسنامەی کورد و زمانی کوردی لانیکەم 145 هێرش و بێبایەخکردن دەستنیشانکراون و رایگەیاندووە، "لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرا بووە، چالاکی رەگەزپەرستی، دژایەتیکردن و بێبایەخکردن لە دژی ناسنامەی کوردی و زۆرترینیش لە دژی زمانی کوردی، تیمەکانی شارەکانی ناوچەکە (باکووری کوردستان) و دەستەبژێری سیاسی کراون. هەر لەو وادەیەدا لانیکەم 50 هێرشی رەگەزپەرستی لە دژی کۆچبەران تۆمارکراوە. جگە لەوەش هەر لەو وادەیەدا 13 هەواڵ سەبارەت بە رەگەزپەرستی و بێبایەخکردن و دژایەتیکردنی عەلەوییەکان لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ