رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە نۆ پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 88 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران و دواتریش بە فەرمانی دادگە 46 کەسیان خرانە زیندانەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک لە 9 پارێزگا ئەنجامدراوە کە ناوەندەکەی پارێزگای بەدلیس بووە و 88 کەس بە تۆمەتی "ئەندامێتی و پاڵپشتیی دارایی رێکخراوی تیرۆریستی" دەستگیرکراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، لە پارێزگاکانی بەدلیس، مێردین، وان و سێرتی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، مێرسین، موغڵا، ئادانا و دوزجەی تورکیا هێزەکانیان لە یەک کاتدا چوونەتە سەر 113 شوێن و 88 کەسیان دەستگیر کردووە.
دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، 88 کەسە دەستگیرکراوەکە رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادگە 46 کەسیان خراونەتە زیندانەوە و 42 کەسی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازادکران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لە هەڵمەتەکەدا هێزەکانیان دەستیان بەسەر 5 کڵاشینکۆف، 7 دەمانچە و چەندین بەڵگەنامەدا گرتووە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا، هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی "پەکەکە" ماوە ماوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، هاونیشتمانیان و سیاسەتڤانانی کورد دەستبەسەر دەکەن. بەشێک لەوانەی دەستگیردەکرێن ئەندام و لایەنگری هەدەپ و هەدەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ