روودو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا گەنجێكی سووریایی تەمەن 17 ساڵ لەسەر شەقام بە چەقۆ کوژرا، سێ تۆمەتباریش دەستبەسەر کران.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 2ی تەممووز لە گەڕەکی کۆکەز سەر بە شارۆچکەی سەریک روویدا.
کرێکارێکی پەنابەری سووریایی تەمەن 17 ساڵ بەناوی ئەحمەد هەندان ئەلنایف کاتێک لە شەقامێکی گەڕەکەکەی خۆی بە پێ دەڕۆیشت، لەلایەن سێ کەسەوە وەستێندرا، کە لە دوو ماتۆڕسکیل دابەزین، بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پۆلیس دوای رووداوەکە ئەنجامیان داوە، هەریەک لە "ر.ئۆ."، "یە.یە." و "ئی. ئۆ." کە پێشینەی تاوانی جۆراوجۆریان هەبووە، دۆزرانەوە و دەستبەسەر کران.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 30ی حوزەیران لە گەڕەکی دانشمەتگازی شارۆچکەی مەلیکگازی سەر بە پارێزگای قەیسەری تورکیا دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵیکی شەش ساڵی سووریایی لەلایەن پیاوێکی هاونیشتمانیی خۆیەوە، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی تورکیا و سووریاییەکانی نیشتەجێی ئەو گەڕەکە روویدا.
دوای ئەو تۆمەتە، خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر دووکانەکان و هاووڵاتییانی سووریا.
بەشێک لە دووکان و ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێندران. لە رووداوەکاندا 14 پۆلیس و کارمەندێکی بەرگریی شارستانی برینداربوون.
دوای بڵاوبونەوەی دیمەنی رووداوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندەنی ئاڵۆزییەکان، داواکاری گشتیی قەیسەری قەدەخەی خستە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی رووداوەکان و بڕیاری سنووردارکردنی بۆ دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە دەرکرد.
دوای رووداوەکەی قەیسەری و ناڕەزایەتییەکان دژی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1ی تەممووز لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان هێرش کرایە سەر هاووڵاتییانی سووریا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 2ی تەممووز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بەهۆی هێرشەکانی رۆژی دووشەممەوە 474 کەس دەستبەسەر کراون، دوای ئەوەی بە بەکارهێنانی رێگەی نایاسایی، کردەوەی ئاژاوەگێڕییان [دژی کۆچبەران] کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ