رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ئاداری ئەم ساڵدا هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 68% بەرزبووەتەوە. گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG)یش دەڵێت، هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا 124% بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، دەستەی ئاماری تورکیا قەبارەی هەڵاوسانی مانگی ئاداری 2024ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئاداری 2024دا رێژەی هەڵاوسان 3.16% بووە و بەو جۆرەش هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 68.5% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG)یش، کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە ئاداری 2024دا 5.68% بووە و هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە 124.63%.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە ئاداردا نرخی پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە بە رێژەی 13.08% بەرزبووەتەوە، کە بەرزترین بووە و نرخی مەی و تووتنیش بە رێژەی 0.02% دابەزیوە و ئەویش نزمترین بووە.
بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، نرخی پێداویستییەکان لە کەرتی پەروەردە زۆرترین بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە بە رێژەی 104.07% و نرخی جلوبەرگیش کەمترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە بە رێژەی 50.10% بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ