رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 64.77% بەرزبووەتەوە. گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) دەڵێت، هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا 127.21% بووە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2024 قەبارەی هەڵاوسانی مانگی کانوونی یەکەمی 2023ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کانوونی یەکەمی 2023دا بەراورد بە مانگی پێشتر، رێژەی هەڵاوسان 2.93% بووە و هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 64.77% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە کانوونی یەکەمی 2023دا 4.12% بووە و هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە 127.21%.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە 2023دا زۆرترین بەرزبوونەوە بە رێژەی 93.24% لە خەرجییەکانی چێشتخانە و هۆتێلەکاندا بووە. زیادبوونی خەرجیی پەروەردە بە پلەی دووەم دێت کە بە رێژەی 82.06% بووە، خەرجیی خزمەتگوزاریی کەرتی تەندروستی بە پلەی سێیەم دێت، کە بە رێژەی 79.59% زیادیکردووە. لەو ساڵەدا نرخی خۆراک 72.01% بەرزبووەتەوە.
کەمترین بەرزبوونەوەش بە رێژەی 40.39% لە نرخی گازی سرووشتی بووە، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەکاربەرانی گازی سرووشتیی ماڵان، هەروەها نرخی پێڵاو و پۆشاک 40.74% و نرخی گواستنەوەش 51.02% بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ