رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەی سەر کەنیسەی سانتا مارییا لە ئیستەنبووڵ 25 کەس خراونەتە زیندانەوە.
شەوی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، لەسەر هێرشە چەکدارییەکەی سەر کەنیسەی سانتا مارییا لە ئیستەنبووڵ، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک، 34 کەس درانە دادگە، 25 ـیان بە تۆمەتی "ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" و "کوشتنی بە ئەنقەست" خرانە زیندانەوە و نۆ کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکران.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ی شوباتی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە دەستیپێکردووە سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتی تونجەر جیهان، کە لە کاتی خزمەتکردندا لە کەنیسەی سانتا مارییا بووە، بە تەقەکەرەکانەوە فەرمانی زیندانیکردن بۆ 25 تۆمەتبار دەرچووە. لێکۆڵینەوەی دادی لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.
کاژێر 11:40 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، لە گەڕەکی بیوکدەرە لە ناوچەی سارییەری ئیستەنبووڵ لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئایینی لە کەنیسەی سانتا مارییا، دوو کەسی دەمامکدار کە یەکێکیان خەڵکی تاجیکستان و ئەوی دیکەیان خەڵکی رووسیا بوو، چوونە نێو کەنیسەکە و دەستڕێژی گوللەیان کرد.
لە هێرشەکەدا کەسێک کوژرا کە موسڵمان بوو، دوو تەقەکەرەکە لە ماوەی 12 کاژێردا دەستگیرکران و دواتر داعش هێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشەکە 60 کەس دەستبەسەرکراون و 26 کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە.
داعش پێشتر لە تورکیا پەرستگەکانی نەکردووتە ئامانج، بەڵام زنجیرەیەک هێرشی لەو وڵاتە کردووە، لەوانە تەقەکردن لە یانەیەکی شەوانە لە ئیستەنبووڵ لە ساڵی 2017 کە بووە هۆی کوژرانی 39 کەس و هێرشێکی بۆمبڕێژکراو لە ئەنقەرە لە ساڵی 2015، کە بووە هۆی کوژرانی 109 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ