رووداو دیجیتاڵ
پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا مشتومڕی ناوەتەوە و سەرۆکی مەهەپە و هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان لەسەر ئەو پرسە بەتووندی وەڵامی یەکدی دەدەنەوە.
لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، رەخنەگرتن لە هەنگاو و سیاسەتەکانی 100 ساڵەی کۆماری تورکیا و پێشنیازەکان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە 100 ساڵەی دووەمدا لەلایەن بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، لەو خاڵانە بوون دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە گوتارەکەیدا ئاماژەی پێدان.
دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پرسی کورد و زمانی کوردی رەخنەی تووندی لە پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ گرت. باخچەلی رایگەیاند، "ناسیۆنالیستە تورکەکان سەرجەمیان تورکی دەزانن، بەڵام لەوانەی شوێنکەوتووی پەکەکەن لە پەرلەمان، چەند پەرلەمانتار هەیە کوردی بزانن؟ ئەگەر دەست بکەین بە گێڕانەوەی راستییەکان؛ نەک تەنیا لە پەرلەمان و شەقامەکانی ئەنقەرە، لە دیاربەکریش ناتوانن بگەڕێن."
هاوکات دوێنێ سێشەممە، تونجای باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی بە کوردی وەڵامی باخچەلی دایەوە و گوتی، "زمانی ئێمە خودا پێی داوین، ئەوەی زمانی ئێمەش قبووڵ نەکات، خودا قبووڵ ناکات. هیوادارین خودا تووشی بەڵای بکات." هەروەها گوتی، "ئێمە کوردین و لە کوردستانەوە هاتووین. زمانمان کوردییە، وڵاتمان کوردستانە، کولتوور و هونەرمان دیارە. ئێمە وەکو ئێوە ناکەین و هێرشتان ناکەینە سەر. دەبێت ئێمە قبووڵ بکەن. ئێوە دەڵێن، زمان و کولتووری ئێوە قەدەخە دەکەین، هەمووتان دەکەینە تورک، ئێمە بۆ گەلی تورک شتێک ناڵێین، بەڵام ئەو قسانەی ئێوە راستەوخۆ فاشیزمە و ئێمە لە دژی ئەو فاشیزمە رادەوەستین."
پێنجشەممەی رابردوو دوای ئەوەی سڕی ساکیک، پەرلەمانتاری هەدەپ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ئەو گوتانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای وەبیرهێنایەوە کە ساڵی 2013 لەبارەی کورد و جوگرافیای کوردستان کردی و بەرپەرچی جەهەپە و مەهەپەی دایەوە، مشتومڕێك لەنێوان جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و سڕی ساکیک دروستبوو.
دوای مشتومڕەکە جەلال ئادان وایزانی مایکرۆفۆنەکەی داخراوە و وشەی نەشیاوی بەکارهێنا. ئەو دەربڕینانە لە پرۆتۆکۆڵی پەرلەماندا نین، بەڵام لە ڤیدیۆی راستەوخۆی پەرلەماندا بە روونی دەرکەوتن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاوبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ