رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی دوای دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک لە شاری قەیسەری روویاندا 67 کەس دەستگیرکران.
شەوی یەکشەممە، 30ـی حوزەیران لە گەڕەکی دانشمەتگازی سەر بە شارۆچکەی مەلیکگازی لە پارێزگای قەیسەری تورکیا دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵیکی شەش ساڵی سووریایی لەلایەن پەنابەرێکی سووریایی، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی تورکیا و سووریاییەکانی نیشتەجێی ئەو گەڕەکە روویدا.
دوای ئەو تۆمەتە خەڵکی شارەکە هێرشیانکردە سەر دووکانەکانی پەنابەرانی سووریا. بەشێک لە دووکان و ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێندران. 14 پۆلیس و کارمەندێکی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە یەکی تەممووز، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "شەوی رابردوو هاووڵاتی سووری (ئا. ئـ.) کە دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێکی سووریایی، لەلایەن هاووڵاتیانی ئەوێ دەستگیرکراوە و رادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە."
یەرلیکا دەڵێت: "دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر هاووڵاتیانمان لەم ناوچەیەدا کۆبوونەوە، بە شێوەیەکی نایاسایی دژی بەها مرۆییەکانمان مامەڵەیان کرد و زیانیان بە ماڵ و کارگە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی سووریا گەیاند. لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان، 67 کەس دەستگیرکران. ئەو خەڵکەی کە کۆبوونەوە دوای کاژێر 02:00 بڵاوەیان کرد".
رووداوەکە لە 30ی حوزەیران روویدا، دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی رووداوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندەنی ئاڵۆزییەکان، دواکاری گشتیی قەیسەری قەدەخەی خستە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی رووداوەکان و بڕیاری سنووردارکردنی بۆ دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ