ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیێندرا

01-06-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیای رایگەیاند. 
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکرا کرد، کە رۆژی 28ـی ئایار بەڕێوەچوو و رایگەیاند ئەنجامەکانیان بۆ رۆژنامەی فەرمی ناردووە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور بوو، بە بەدەستهێنانی 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ کە دەکاتە 52.18٪ـی دەنگەکان براوەی هەڵبژاردنەکە بووە و جارێكی دیکە بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوەتەوە. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 47.82٪ی دەنگەکان. 
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا لە ناوخۆی تورکیا 52 ملیۆن و 93 هەزار و 375 دەنگدەر چوونەتە سەر سندووق و رێژەی بەشداری 85.72٪ بووە. لە دەرەوەی تورکیا یەک ملیۆن و 930 هەزار و 226 دەنگدەر دەنگیانداوە. رێژەی بەشداری 56.34٪. کۆی گشتیی 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 کەس دەنگیانداوە کە دەکاتە 84.15٪ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیران کاژێر 14:00 لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی بخوات، کاژێر 15:00 سەردانی گۆڕی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا بکات، کاژێر 17:00 لە کۆشکی بێشتەپە پیرۆزباییەکان قبووڵ بکات، دواتر بە شەو لە کۆشکی چانکایا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتاندا بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەت و ئێوارە خوانێکدا بکات و لە کاژێر 22:00 دا کابینەی نوێی حکومەتەکەی رابگەیێنێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە