رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
چەند زرێپۆشێکی سوپای تورکیا لە راهێنانێکی سەربازیدا، وێنە: وەزارەتی بەرگریی تورکیا
رووداو هەولێر
پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی نوێی تورکیا لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، پێویستە لە سووریا پارێزگاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافی بکرێت.
عیسا ئایدن، سەرۆکی لیژنەی راوێژکاری باڵای هوداپار لە توویتێکدا کە رۆژی 31ـی ئایاری 2022، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، "رژێمەکانی سووریا و عێراق ئەو پڕۆژەیەی بۆ ئاوارهکردنی کورد لە ناوچەکانیان جێبەجێی دەکەن، تورکیاش لە کوردستانی سووریادا ئهنجامیدهدات. ئەم ستەمە دەبێت کۆتایی بێت".
عیسا ئایدن لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو توویتەدا راگەیێندراوێکی پارتەکەی خۆیشی بڵاوکردووەتەوە کە رۆژی 30ـی ئایاری 2022 بڵاوکراوەتەوە و لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا بە ناونیشانی "پێویستە لە سووریا پارێزگاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافی بکرێت" ئاماژە بە گوتارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسۆێنێکی نوێی سەربازیی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان کراوە.
لە راگەیێنداوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، مافی رەوای تورکیایە هەنگاوبنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی و هەوڵبدات بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ سەر خاکی خۆیان بەسەلامەتی، بەڵام نابێت ئۆپەراسیۆنەکە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ، هەروەها گەڕاندنەوەی پەنابەران بەجۆریک کە گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە، ناوچەکە پەلکێشی دۆخێکی پشێویی دەکات و بە ئاراستەی کۆتاییەکی نادیاردا دەیبات.
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 25ـی ئایاری 2022 لە شاری ئەنقەرە دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوە.
رۆژی دواتر زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار میوانی بوولتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە بارەی چارەسەری کێشەی کورد و کێشەی ئابووری و گرانیی ژیان لە تورکیا گفتوگۆیان کردووە.
پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار، پارتێکی ئیسلامیی کوردییە و رۆژی 19-12-2012 دامەزراوە. تاوەکو ئێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردندا کردووە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا لە ساڵی 2018 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە رێژەی 0.31٪ـی دەنگەکان و نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
هوداپار زۆرترین دەنگی لە پارێزگای چەولیک بەدەستهێنا کە 4.48٪ـی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بوو، بەڵام لە شارێکی گەورەی وەکو ئامەد کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، هیچ دەنگێکی نەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ