رووداو دیجیتاڵ
دوایین دەهۆڵی پارشێو لێیدا و هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 31-3-2024 روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز، کە تاوەکو ئێستا بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا 99.99٪ـی دەنگەکانی جیاکراوەتەوە.
پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، دان بەوەدا دەنێت ئەنجامەکە بە دڵی ئەوان نەبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "نۆ مانگ دوای سەرکەوتنمان لە 14 و 28ـی گوڵان، بەداخەوە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا ئەو ئەنجامانەی دەمانویست و چاوەڕێمان دەکردن، بەدەستمان نەهێنا. وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەشێوەیەکی باش کارمان کرد. ئەنجام بەم شێوەیە بوو، گەورەکانمان دەڵێن، لە هەموو شتێکدا خێرێک هەیە."
لە 61 ملیۆن و 430 هەزار کەس کە مافی بەشداریکردنیان هەبوو، بەپێی دوایین ئەنجامی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان کە ئاژانسی ئەنادۆڵوو بڵاوی کردووەتەوە؛ زیاتر لە 48 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.
لە 30 گەورە شارەوانی، جەهەپە 14ـیانی بەدەستهێنا کە گرنگترینیان ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بوون، ئاکپارتی 12ـی بردەوە، دەم پارتی سێ گەورە شارەوانی و یەنیدەن رەفاش یەک گەورە شارەوانیی بردەوە.
هاوکات، هەزار و 280 شارەوانی پارێزگا، قەزا و شارۆچکەکانیش بۆ پێنج ساڵی داهاتوو هەڵبژێردران.
بە گوێرەی ئەنجامی جیاکردنەوەی 99.99٪ـی دەنگەکان کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاژانسی ئەنادۆڵوو بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامەکان لە کۆی 1328 شارەوانی بەمشێوەیەن:
ئاکپارتی؛ 505
جەهەپە؛ 421
مەهەپە؛ 186
دەمپارتی؛ 82
یەنیدەن رەفا؛60
پارتەکانی دیکە؛ 126
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ دەڵێ "رەنگە کۆن و قەدیمەکانی ئەم شارە، خەڵکی ئەم شارە، کوردانی ئەم شارە، عەلەوییەکانی ئەم شارە، چەرکەسەکانی ئەم شارە، ئەو ئیستەنبووڵییانەی لە هەموو شارەکانی ئانادۆڵوو بۆ ئەم شارە کۆچیان کردووە، لەم شارە بە شێوەیەکی ئازاد مافەکانیان دەپارێزرێن. لە هەموو شوێنێک لە نێو هەموو دامودەزگەکان و شارەوانییەکاندا دەبنە خاوەنی مافی هاوبەش و یەکسان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ