دەوڵەت باخچەلی: سەرتاپای پەیامەکەی ئیمراڵی بە بەهایە

01-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی مەهەپە، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە، یەکەم لێدوانی دا و گوتی: "ئەو لێدوانەی لە ئیمراڵی نووسراوە و شاندی دەم پارتی لە 27ـی شوباتدا خوێندیانەوە، "سەرتاپای بە بەها و گرنگە."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "لێدوانەکە کە لە ئیمراڵی نووسراوە و لە 27ـی شوباتی 2025 لەلایەن شاندی دەم پارتی بۆ رای گشتی خوێندراوەتەوە، سەرتاپای بەنرخ و گرنگە. سەرچاوەی وەبەرهێنانی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەترسن بەزوویی وشک دەبێت  و تورکیا بووژانەوەیەکی بێوێنە بەدی دەهێنێت."
 
باخچەلی ئاماژەی بەوە داوە، ئەو لێدوانانەی لە قەندیلەوە هاتوون، تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانن و ئەمەش دڵخۆشییە. 
 
سەرۆکی مەهەپە گوتیشی، "یەکبوونی هەڵوێستی سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە قەندیل لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان و پشتگیریکردنیان لە بانگەوازی 27ـی شوبات لەم قۆناخەدا سوودی هەموو کەسێکی تێدایە."
 
باخچەلی روونی کردووەتەوە لە میدیادا هەندێک کەس نیەتیان باش نییە و هەوڵدەدەن بانگەوازی 27ـی شوبات رەش بکەن و دەیانەوێ هەنگاوەکانی ئاشتی و ئارامی تێکبدەن.
 
رۆژی 27ـی شوبات شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە و لە ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا داوای لە پەکەکە کرد ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
 
دوو رۆژ دوای بانگەوازەکە، ئەمرۆ شەممە،  پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رازی بوو بە بەستنی ئەو کۆنگرەیەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی وەکو رێنمایی پێیداون. مەرجی پەکەکە ئەوەیە کە ئۆجەلان خۆی سەرۆکایەتیی ئەو کۆنگرەیە بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە