رووداو دیجیتاڵ
22یەمین دادگەی سزا قورسەکانی تورکیا لەبارەی ئازادکردن یان درێژەدان بە بەندکردنی گوڵتان کشاناک، بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئاداری 2024، دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە لەبارەی دۆخی گوڵتان کشاناک کۆدەبێتەوە کە پێشتر هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بوو و نزیکەی هەشت ساڵە لە زیندانە.
بەپێی یاساکانی تورکیا گوڵتان کشاناک سزاکەی تەواوکردووە و پێویستە ئازاد بکرێت، بەڵام هێشتا لە زیندانە.
گوڵتان کیشاناک لە ساڵی 2016ـەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکراوە و لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی 30 مادەی یاسای تاوانەکانی تورکیا و دەڵێن بەهۆی تویتێکی کشاناکەوە 38 کەس گیانیان لەدەستداوە، بۆیە بەرپرسیارە لە مردنی ئەو 38 کەسە.
گولتان کشاناک، رۆژنامەڤان و سیاسەتڤانی کوردە؛ 15ـی حوزەیرانی 1961 لە خارپێت لە دایکبووە.
بەشی زمانی تورکی لە زانکۆی دیجلە خوێندووە و لە کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیرکراوە.
لە ساڵانی 1980-1982 لە زیندانی ئامەد بووە. دوای ئازادکردنی لە زیندان، بەشی رۆژنامەڤانی و پەیوەندییە گشتیەکانی لە زانکۆی ئیجە تەواو کردووە.
لە ساڵی 2007 پەرلەمانتاری ئامەد بوو؛ ساڵی 2009 لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش بوونە هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی.
گوڵتان کشاناک بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024 بەربژێری دەم پارتییە بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ