رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەجنیحەی شام بۆ فڕۆکەوانی، کە کۆمپانیایەکی سوورییە، رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی بۆ سووریا دەستی پێنەکردووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هێشتا بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ سووریا نەنێردراوە.
زەینەب نەبیل، بەرپرس لە کۆمپانیای ئەجنیحەی شام لە ئۆفیسی شاری نەجەف، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر کۆمپانیاکەیان گەشتی ئاسمانیی بۆ هەر چوار فڕۆکەخانەی هەولێر، بەغدا، بەسرە و نەجەف هەبوو، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ زیاتر لە مانگێک گەشتەکان راگیران.
وەک ئەو بەرپرسە باسی دەکات، ئێستا گەشتەکانیان تەنیا بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەغدا دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بۆ بەسرە و نەجەف تاوەکو ئێستا راگیراون.
بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا هەفتەی دوو گەشتی هاتن و چوون، دووشەممە و پێنجشەممە، بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەفتانە سێ گەشتیان هەیە لە رۆژانی شەممە، سێشەممە و پێنجشەممە. زەینەب نەبیل گوتی، "گەشتەکانمان بۆ ئەو دوو فڕۆکەخانەیە بەردەوامن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
هەر لەوبارەوە مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەجنیحەی شام نەبووە، دەسەڵاتدارانی سووریا خۆیان سەرەتا گەشتەکانیان راگرت."
کۆمپانیای ئەجنیحەی شام بۆ فڕۆکەوانیی (Cham Wings Airlines)، یەکەم کۆمپانیای ئاسمانیی کەرتی تایبەتی سووریایە، لە کۆتایی ساڵی 2007 دامەزرا.
بەرەبەیانی 08-12-2024 چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆنترۆڵیان کرد؛ بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هات.
لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، هێڵی ئاسمانی عێراقییە گەشتەکانی بۆ دیمەشق پایتەختی ئەو وڵاتە راگرتووە، تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، "بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان تەنیا لە دەست وەزارەتی گواستنەوە نییە، بەڵکو دەبێت حکومەتی عێراق، وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بڕیاری لەسەر بدەن، تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەش نەدراوە."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ