رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، دوای نزیکەی چوار مانگ لە داخرانی، رۆژی 18ـی مانگ کرایەوە و یەکەم گەشتی تێدا ئەنجامدرا.
سامح یەعرب، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانیی سووریا لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان باس لەوە دەکات، "یەکەمین گەشتی فەرمی گەیشتە فڕۆکەخانەی حەلەب. پشت بەخوا گەشتی دووەم، گەیشتنی فڕۆکەیەکی هێڵی شاهانەی ئوردن دەبێت".
لە سووریا چوار فڕۆکەخانەی مەدەنی هەن، فڕۆکەخانەی حەلەب دووەم گەورەترینیانە لەدوای فڕۆکەخانەی دیمەشق.
لە هێرشەکانی کانوونی یەکەمی 2024 دا بۆ رووخاندنی رژێمی ئەسەد، زیانێکی زۆر بە بەشەکانی فڕۆکەخانەکە، بەتایبەت تاوەری چاودێری، پەیوەندیکردن و رووناکی رێڕەوی فڕین کەوتبوو.
سامح یەعرب، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانیی سووریا باس لە زیانەکانی فڕۆکەخانەکە دەکات و دەڵێت، "بەداخەوە، هەندێک زیان بە فڕۆکەخانەی حەلەب کەوتوون. لێکۆڵینەوەی پێویستمان کردووە، بەشەکانی پەیوەندی و تاوەری چاودێری بەتەواوەتی چاککراونەتەوە".
بە گوێرەی بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا، جگە لە گەشتی نێوخۆیی؛ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیش دەست بە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ