ئەنەکەسە: پێویستە راگەیێندراوی دەستووری هەموار بکرێتەوە

17-03-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداریێتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا کۆبووەوە و داوای کرد پێویستە راگەیێندراوی دەستووری لەلایەن حکومەتی کاتیی سووریا هەموار بکرێتەوە، هەروەها رایگەیاند، پشتگیری لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەن، کە داوای بەخشینی مافی بە کوردی سووریا کردبوو.
 
رۆژی 16-03-2025 ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە لە قامشلۆ کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی پەیوەست بە دۆخی سیاسی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کران.
 
لە کۆبوونەوەکە جەخت لە پێویستی خێراکردنی داڕشتنی دیدگایەکی سیاسیی کوردیی هاوبەش و پێکهێنانی شاندێکی کوردیی یەکگرتوو لە نزیکترین کاتدا کردەوە بۆ پەیوەندی و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بەشداربووان جەختییان لە پێویستی هەموارکردنەوەی راگەیاندنی دەستووری کردەوە کە تایبەتمەندییەکانی فرەیی لە سووریا و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان رەچاو بکات.
 
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد. 
 
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناخى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت، بەڵام زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا راگەیێندراوی دەستووری رەتدەکەنەوە، لەوانە کوردی رۆژئاوا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنەکەسە پشتگیری خۆی بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەربڕی لە خۆپیشاندانەکاندا کە بۆ داواکردنی هەموارکردنەوەی راگەیاندنی دەستووری دەیکەن، بەو شێوەیەی کە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتە سوورییەکان دەستەبەر بکات، هەروەها کۆبوونەوەکە جەختی لە گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی دروشمەکان کردەوە کە چالاکڤانە گەنجەکان بەرزیدەکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتی ئامانجە خوازراوەکانی ئەو خۆپیشاندانانە بکەن.
 
ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەن پێشوازی لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد کە داوای بەخشینی مافەکانی کوردانی سووریای کرد.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی 14-03-2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، لە سەردەمی ئەسەددا مافی کورد نەدەدرا. لەبارەی دۆخی ئێستای سووریاشەوە رایگەیاند، "چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتی سووریا ئەوەیە، هەموو مافەکانی کورد بدات.
 
ئەنەکەسە پێشوازی لەو بانگەوازە کرد کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بۆ چەکدانان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندرا، و هیوای خواست کە ببێتە هەنگاوێک بەرەو چارەسەرییەکی سیاسی دیموکراتی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە تورکیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە