رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر هێزی هاوپەیمانان لە بنکەی ناوچەی سەوزی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، تاوەکو ئێستا دیار نییە چ لایەنێک هێرشەکەی بۆ سەر ئەو هێزانە کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە تویتەر بڵاویکردەوە، "ئێوارەی رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2022، نزیک 9:32ی شەو بە کاتی سووریا ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی هێزی هاوپەیمانان کراون لە ناوچەی سەوزی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، هێرشە مووشەکییەکە هیچ زیانێکی بە بنکەکە نەگەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانیشی بەدواوە نەبووە. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشەکە دەکۆڵنەوە.
جۆ بوکینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی لەم جۆرە کە دەکرێتە سەر هێزی هاوپەیمانان و ناوچەکانی سڤیل نشین، پاشەکشە بە سەقامگیری و ئاسایشی سووریا و ناوچەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ