ئەنجوومەنی ئاسایش گەیاندنی هاوکاری لەڕێگەی دەروازەی بابلهەوا بۆ سووریا درێژدەکاتەوە

12-07-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو- هەولێر 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گواستنەوەی هاریکارییە مرۆییەکانی بۆ نێو سووریا لەڕێگەی دەروازی بابلهەوا بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکردەوە.
 
پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی 12 وڵاتی ئەندامی لە 15 وڵاتەکە بەدەستهێنا، بەڵام هەریەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا نە بە "بەڵێ" و نە بە "نەخێر" دەنگیاندا و بەو جۆرەش پڕۆژە بڕیارەکە پەسندکرا.
 
وڵاتانی رۆژئاوا داوایانکرد ماوەی گەیاندنی هاریکارییەکان لەو دەروازە سنوورییەوە بۆ 12 مانگ درێژبکرێتەوە، بەڵام رووسیا دژی درێژکردنەوەی ماوەکە لە شەش مانگ زیاتر وەستایەوە. بە گوتەی باڵیۆزی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، ئەو ماوەیە بۆ گەیاندنی هاریکاریی پێویستی مرۆیی بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا گونجاو نییە.
 
بە گوتەی یەکێک لە باڵیۆزەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رووسیا گوشاری کردووەتە سەر تەواوی ئەندامەکان تاوەکو بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ شەش مانگ پەسندبکەن. بە گوتەی ئەو باڵیۆزە، رووسیا گوتوویەتی، "یان شەش مانگەکە پەسند دەکەن، یان بڕیاری درێژکردنەوەی بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە" دەشڵێت، "نەماندەتوانی رێگە بدەین خەڵک بمرێت".
 
دەروازەی بابلهەوا تاکە رێگەیە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هاریکارییە مرۆییەکانی لێوە بگەیێنێت بەبێ تێپەڕینیان بە نێو هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا. سیستمی گەیاندنی هاریکارییەکان لەڕێگەی ئەو دەروازەیەوە لە ساڵی 2014ـەوە لە کارکردندایە و رۆژی یەکشەممە 10ـی تەمموزی 2022 ماوەکەی بەسەرچوو، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیان لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەکەوە کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان لەو دەروازەیەوە هاریکاریی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی دەنێرێت.
 
تازەکردنەوەی رێککەوتنەکە لە لایەن ئێرلەندا و نەرویجەوە بۆ ئەنجوومەنەکە بەرزکرایەوە و ئامانجی سەرەکیش لێی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بوو لە سووریا. پێشبینی دەکرێت لە دوای تەواوبوونی وادەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023، بۆ شەش مانگی دیکە ماوەکە درێژبکرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکەیان بۆ شەش مانگ پەسندکرد، بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان باس لەوە دەکەن، رووسیا تاکلایەنانە بڕیارەکەی جێبەجێکردووە و وڵاتانی رۆژئاوای ناچار بە دەنگدان بە بەڵێ کردووە.
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "جێگەی نیگەرانییە رووسیا دووبارە سەرکەوتوو بوو لە گوشارخستنە سەر ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئەمجارەیان بە کەمکردنەوەی ماوەی درێژکردنەوەکە تاوەکو کاتەکە لە نێوەڕاستی زستان کۆتایی پێبێت".
 
برێندا مۆفیا، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئۆکسفام لە نیویۆرک دەڵێت، "بڕیارەکە بە تەواوی بێهیواکەرە و وادەکات چوار ملیۆن هاووڵاتیی سووریا هاریکاریی مرۆیی پێویستیان لە نێوەڕاستی زستان بەدەست نەگات".
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە 2021، 4,600 بارهەڵگر بەنێو دەروازەی سنووری بابلهەوادا لە سووریا تێپەڕیون کە زۆربەیان خواردنیان هەڵگرتووە؛ دوو ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی لەڕێگەی ئەو بارهەڵگرانەوە هاریکارییان بەدەستگەیشتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە