رووداو دیجیتاڵ
کە ویستم بچم سووریای دوای ئەسەد ببینم، هەر کە یەکەم هەنگاوم هاویشت بۆ نێو خاکی ئەو وڵاتە، دیمەنی کۆچکردنی خەڵکم بینی کە لە سووریای نوێ هەڵدێن!
ئەمانەی کۆچ دەکەن، بۆ رزگارکردنی بیڕوباوەڕی خۆیان... دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ترسی ئەوەیان هەیە کەس نایانپارێزێت.
تێپەڕاندنی ئەم سنوورە تەنیا هاویشتنی هەنگاوێک بۆ جوگرافیایەکی دیکە نییە، بۆ ئەوان بڕیارێکی چارەنووسسازە، هێشتا دڵنیا نین چی چاوەڕێیان دەکات.
ترسەکە لای ئەوان ئەوەندە گەورەیە، هەندێکیان چاوەڕێی بڕیاری فەرمییان نەکرد لە سنوور بپەڕنەوە، بەشێکییان ویستیان بە نایاسایی بچن.
هیڤیدار ئەحمەد هاووڵاتییەکی سووری دەبینێت و لێی دەپرسێت: چۆنن، لە چ ناوچەیەکی سووریاوە هاتوون؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): لە ئیدلیبەوە
هیڤیدار ئەحمەد: ئیدلیب شارێکی خۆشە؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): خۆش بوو
هیڤیدار ئەحمەد: پێشتر خۆش بوو؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): ئێستاش هەر خۆشە
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ دەرچوون؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): لەبەر خەم و خەفەت دەرچووین
هیڤیدار ئەحمەد: لە خەفەتدا؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): بەڵێ.. کوا خەڵک لە سووریا ماوە تاوەکو لەگەڵیان بمێنینەوە، کەسوکاری ئێمە کەس لە سەیدە زەینەب نەماوە کە زۆربەیان لە کەفریا و وفوعه بوون و زۆربەیان رۆیشتن، تەنیا ژمارەیەکی کەم ماون، ئێمە چی بکەین لەوێ بمێنین!
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە شیعەن؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): بەڵێ، ئێمە شیعەین.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ ترستان هەبوو ئەگەر لە سووریا مابانەوە؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): گرووپی چەکدار هاتن و ئێمەیان دەرکرد.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ دەگری؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): کەس دەیەوێ ماڵی خۆی بەجێبهێڵێت و بڕوات؟
شوێنی بازرگانیمان هەبوو، خانوومان هەبوو، هەموومان بەجێهێشت و هەڵاتین.
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): داوامان لە لوبنان ئەوەیە رێگە بدات بپەڕێیننەوە و بچین بۆ عێراق، ئەوێ بۆ ئێمە زۆر لێرە سەقامگیرترە. گرووپی چەکدار هاتنە سەر ماڵمان و یەکسەر پرسیاریان کرد ئێوە خەڵکی کوێن؟ گوتمان خەڵکی ئیدلیبین؟ گوتیان، ئێوە شیعەن؟ ئەوها گوتی ئێوە شیعەن؟ بڕۆ بۆ شوێنی خۆت. تۆبی چ چاوەڕوانییەک لە وانە دەکەی؟
هیڤیدار ئەحمەد ئەحمەد: ئێستا بۆ کوێ دەچن؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت): دەچینە لوبنان و لەوێوە دەچینە عێراق
هیڤیدار ئەحمەد: دەچنە چ ناوچەیەکی عێراق؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (ئافرەت) : دەچینە کەربەلا...
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (پیاو): ترس پەیدابوو. ترس سەری هەڵدا، ترسێکی ناسروشتی بوو، ترس چی بوو ترس. ئەوەی لەگەڵ دەسەڵات دەردەچێت!
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوەی لەگەڵ دەسەڵات بوو، دەردەچێت؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب(پیاو): بەڵێ، بەڵێ..
هیڤیدار ئەحمەد: لە چی دەترسن ئەبو محەممەد جۆلانی دڵنیایی پێدان...
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (پیاو): بەڵێ دڵنیایی دا، بەڵام هیچی نەکرد، دێن لە خەڵک دەپرسن ئێوە شیعەن یان سوننەن؟
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوانە کێن؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب (پیاو): نازانین کێن، خەڵکێکن چەکیان بەدەستەوەیە و لە خەڵک دەپرسن و خانووەکان دەپشکنن...
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ کوێ دەچن، عێراق یان لوبنان؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب: نازانین
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن؟ هەر کە لە ماڵ دەرچوون بڕیارتان داوە بۆ کوێ بچن؟
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ دەگری؟ بۆچی دەگری؟
هاووڵاتی سووری شیعە مەزهەب: نازانم...
سەیدە زەینەب؛ پیرۆزترین شوێنی شیعەکان لە سووریا
کۆچ و راکردنی ئەو خەڵکە لە سووریا بەشێکی پلانی کاری ئێمەشی گۆڕی، دەبێ بچینە دیمەشق و لەوێوە بچینە سەیدە زەینەب، پیرۆزترین ناوچەی شیعەکانە لە سووریا. دەمەوێ بزانم خەڵکی ئەوێ چییان بەسەر هاتووە و چی دەکەن.
دەبێ 12 کیلۆمەتر ببڕین، بەرەو باشووری دیمەشق بچین.
دەچینە ناوچەیەک دڵی شیعەکانە، لە رێگادا پرسیاری ئەوەم بۆ دروست بوو، ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی سووریایان گرتووەتە دەست سوننە مەزهەبن... تۆ بڵێی سووریا بەرەو شەڕێکی تائیفی بڕوات؟
هەر لەو پرسیارانەدا بووین، گەیشتینە دەروازەی ناوچەی سەیدە زەینەب، زاڵگەی سەربازی هەیە، بەڵام هیچ کەسێک نییە بپرسێت بۆ کوێ دەچن. پێشتر چەکدارانی حیزبوڵلای لوبنانی ئەم زاڵگەیەیان بەڕێوەدەبرد، تێپەڕینی ئاسان نەبوو.
وێنەی سەرکردەکانی شیعە لە ستوونی شەقامەکانی سەیدە زەینەب هێشتا دیارن.
هەر کە گەیشتین، ئەم پیاوە هاتە پێش، 14 ساڵە لەم دەڤەرە نیشتەجێیە، هەر زوو گوتی وەرە با پێتان بڵێم چ هێزێک لێرە حاکم بوو...
هیڤیدار ئەحمەد: حیزب ماوە یان دەرچوون؟
هاووڵاتی سووری، سەیدە زەینەب: نا حیزب دەرچوو، هەروەها میلیشیای ئێرانیش دەرچوون.
هیڤیدار ئەحمەد: میلیشیای ئێرانی لەکوێ بوون؟
هاووڵاتی سووری، سەیدە زەینەب: لێرە، لەم گەڕەکە بوون
هیڤیدار ئەحمەد: لەم کۆڵانە بوون؟
هاووڵاتی سووری، سەیدە زەینەب: بەڵێ لێرەبوون لەم کۆڵانە
مەراقم بوو، بچینە نێو مەقامی سەیدە زەینەب...
پێشتر دەبوایە بە فیلتەری دەرگەوانانی شیعە تێپەڕیبای بۆ نێو مەقامەکە، ئێستا نا، رێگاکە هێشتا رووناک نییە کە کەی و چۆن شیعەکان لە بەردەرگای ماڵی خۆیان حاکم دەبن؟
ئێمەیان بردە لای شەڕکەرێکی دەستەی تەحریر شام، ئەو هەموو شتێکە لەم مەقامە، مۆڵەتی وێنەگرتنی ئێمە دەبێ هەر بە رەزامەندی ئەو بێت. ئێمەی ئازادکرد، گوتی بڕۆن سەربەست بن.
محەممەد حەمادە، فەرماندە لە دەستەی تەحریر شام: ئێوە دەستان کراوەیە، دەتوانن هەموو شوێنێک ڤیدیۆ بکەن. دۆخەکە بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە. تەنانەت ناوچەی رۆژهەڵاتی مەقام ئێستا سەقامگیر بووە و خەڵک لێرە زۆر هاوکارە. بە ئیزنی خوا لە رۆژانی داهاتوو ئاسایش زیاتر دەبێت.
نەک تەنیا ناوچەی سەیدە زەینەب، بەڵکو هەموو سووریا بو ئێمە ناوچەیەکی هەمەڕەنگ و فرە ئایین و تایفییە و بەئیزنی خوا هەر وا دەمێنێتەوە.
هەر کە گەیشتینە نێو بەردەرگای مەقامەکە، بەسەر ئەم دۆخەدا کەوتین، قیامەت هەستاوە... ئەوەی لای شیعەکان حەرامە بێتە سەر زاران، لەسەر خودی مەزاری سەیدە زەینەبی کچی ئیمام حوسێن گوترا.
کامێرا بکۆژێننەوە
- جنێوتان داوە
- نا جنێومان نەداوە و نەچی.. خودا لەگەڵ سەیدە زەینەبە
- ئەم شوێنە پیرۆزە هی ئەوە نییە جنێوی پێ بدەی
- جنێومان نەداوە نە
هیڤیدار ئەحمەد: کێشە چییە؟ چی روویداوە؟
- ئەمە هاتووە سەر مەقام و جنێوی دا بۆچی ئەوەتان نووسیوە؟ دەبێ ئەبوبەکر و عوسمان و نازانم چی... بە زمانی تائیفی قسەی دەکرد.. ئەها ئەو کەسەیە سەیرکە.
هیڤیدار ئەحمەد: گوتی چی؟
- جنێوی بە ئیمام حوسێن و بەشار ئەسەد دا. بەشار ئەسەد لەعنەتی خودای لێبێت، خوای لەگەڵ، هیچ ئیشمان پێی نییە. ئەمە مەقامی پیرۆزی سەیدە زەینەبە، ئەوەی دێتە ئێرە دەبێ رێزی مەقام بگرێت.
- کەس بۆی نییە لێدوان بدات و قسە بکات و هەر کەس بڕوات بۆ سەر کارەکەی.
- موختار ئەوەی دێتە ئێرە دەبێ رێزی خۆی بگرێت.. ئەمە شوێنێکی پیرۆزە نەک بۆ جنێودانە.. هەموو خەڵک دەستی لەم شوێنە بەردا، ئێمە بەرمان نەدا.
- برا ئەوە وێنەدەگرن
- وێنەنەگرن نە
- کێ دەیەوێ وێنە بگرێ با بگرێت...
شێخێکی شیعەکان: ترسمان هەیە و راستییە
ویستمان بزانین بەڕاست چی روویداوە، دەبێ لەگەڵ شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی، بەرپرسی مەقامی سەیدە زەینەب قسە بکەین.
قسەکانی شێخ بۆ دۆخی سووریای نوێ مەترسیدار بوون.
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: ترسەکە هەیە و راستییە و دەتوانم بڵێم 20٪ـە. رەنگە ئەمە بەرەو زیادبوون بچێت ئەگەر دەوڵەتی نوێ لە سووریا، بە دەستێکی ئاگرینی دۆخی ئاسایش نەپارێزێت. ئەم دۆخە پەرەدەسێنێت. تابووری چوارەم هەیە بە ناوی دەستەی تەحریر شام یان گرووپی دیکە دێن.
هیڤیدار ئەحمەد: کێن پاڵپشتی ئەو تابۆرانە دەکەن
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: هێزی چەکە پاڵپشتی ئەو تابۆرانە دەکات، ئەو چەکی هەیە و تۆ چەکت نییە، ئەوان زۆرینەن و تۆ کەمینەی.
هیڤیدار ئەحمەد: شێخ ئێوە سەیری دۆخەکە دەکەن، تۆ بڵێی ململانێیەکی تائیفی دروست بێت وەک ئەوەی لە عێراق روویدا؟
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: قسەی ئێمە روونە و بە ئیزنی خودا من قسەی راست دەکەم و لە کەسیش ناترسم، تەنانەت ئەگەر گەیشتە ئەوەی لەسەری شەهیدببم! بەڵێ شەڕی تائیفی و گەورە روودەدات بەتایبەت لەنێوان شیعە و سوننە لە هەندێ ناوچە.
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: من یەکەم کەس بووم چەکم هەڵگرت بو بەرگریکردن لە مەقامی سەیدە زەینەب. دواتر گەنجەکان هاتن.
شێخ ئەسعەد زۆر مەبەستی بوو، باسی ئەو پەلاماردانانە بکات، کە کراونەتەوە سەر ئەم مەقامە. شێخ نەیشاردەوە چەکی هەڵگرتووە...
لە دەوروبەری سەیدە زەینەب، هێزێکی چەکدار لێمان کۆبووەوە، لێم پرسی خەڵکی شیعە دەترسن، ئێوە چی دەکەن؟
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: حەشدی شەعبی گەڕانەوە عێراق، حیزبوڵڵا گەڕانەوە لوبنان، حەرەسی سەوری گەڕانەوە ئێران.
هیڤیدار ئەحمەد: جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە؟
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: پێشبینی ناکەم، بە ئیزنی خودا کەس ناگەڕێتەوە
مزگەوتی ئومەوی لە نێوەڕاستی دیمەشقە، هەر بە بەهێزی ماوەتەوە، پێگەیەکی ئایینی مێژووی مشتومڕهەڵگرە لەنێوان مەزهەبی سوننە و شیعە. ئەمڕۆ تەنیا بۆ نوێژ و پاڕانەوەی بەکاریناهێنن، رەنگە هێمایەکی نوێی ململانێ بێت لە سووریای نوێدا.
دەسەڵاتدارانی سووریای نوێ دەڵێن، سووریا گەڕایەوە بۆ ئەسڵەکەی.
دەنگی بانگ لەگەڵ چەکدارانی نوێی سووریا کە پڕی حەوشە و حەڕەمی مزگەوتەکەیە، دەڵێن بڵندتر و بەهێزترە لە سووریای پێش رووخانی ئەسەد.
هەموو کاتێ وەک ئەوەی بڵێن بەهێزین، چەکداری نوێی سەر بە تەحریری شام دێنە مزگەوت بۆ سوجدەی شوکرانی..
گفتوگۆیەک لەنێو مزگەوتی ئۆمەوییە
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: ئێستا گەیشتینە دیمەشق و دەبێ لە مزگەوتی ئومەوی نوێژ بکەین.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ؟
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: برا ئێمە ئەوهاین
هیڤیدار ئەحمەد: مزگەوتی ئومەوی هێزی سوننەیە؟
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: بەڵێ
هیڤدار: مزگەوتی ئومەوی بۆ ئێوە رەمزە؟
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە ئێوە گەیشتن، چی دیکە؟
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: سوپاس بۆ خودا
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: ئاشتی بۆ هەموو خەڵک
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: ئاشتی بۆ هەموو گەلی سووریا بە هەموو تائیفەکانەوە. سوننی، شیعی، عەلەوی، هەر مەزهەبێکی دیکە، کوردی. ئێمە لەگەڵ هەموویانین بەئیزنی خودا تاوەکو ئەم وڵاتە ئاوادان بکەینەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە بڕواتان بەم هێزە هەیە کە هاتوون؟ ئێوە وەک هاووڵاتی؟
هاووڵاتی: سوپاس بو خودا بە فەزڵی ئەم قارەمانانە هەموو شتێک گەڕایەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆچی بڕواتان پێی هەیە؟
هاووڵاتی سووری: هەموو بەفەزڵی خودا و ئەوان یەکتاپەرستن و زوڵم ناکەن و ئەوەی وەحدانییەتی خودای هەبێ ستەمیش ناکات.
وائیل ئەحمەد، چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: ئێمە بۆ سەرخستنی ئەم دینە پەیدابووین.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە ناترسن فیتنەیەکی دیکە لە سووریا رووبدات؟
3هاووڵاتی سووری: بەڵێ ترسمان هەیە، لێکمان بکەنەوە.
رووناکییەکی دیکە لە سووریای نوێدا دەبینرێت ک خۆی لە هێز، دەسەڵات و بگرە مەزهەبییەوە دەبینێت.
بانگخوازێکی سوننە لە دیمەشق: چیدی شیعە ناتوانن
گۆڕینی ئەسەد بەدەسەڵاتێکی سوننی بەهێز لە سووریا، رێنیشاندەری مەزهەبی سوننەش، کاتێ قسە دەکەن دەنگیان دلێرتربووە، ، تەنیا لەسەر سووریای نوێ قسەناکەن. پەیامییان بۆ هێزە رکابەرەکانی دەرەوەی سووریا هەیە.
شێخ عەبدولناسر ئەلعەسەلی، بانگخوازی سوننە لە مزگەوتی ئومەوی: شیعە چی دیکە ناتوانن ببنە سەرکردەی ئەم وڵاتە. نەک هەر لەم وڵاتە لەو بڕوایەدام هەتاوەکو لە دەوڵەتی جیرانیش ناتوانن. لە لوبنان بووم، ئەوان لەوێش ئیدی وەک جاران ناتوانن. بە ئیزنی خودا لە عێراقیش ناتوانن ئەگەر وەک خۆی مایەوە دەبێ تەنیا عەرەب لەوێ حوکم بکەن. فورس چی دیکە دەسەڵاتییان بەسەر عێراقەوە نابێت. دیمەشق بە ئیزنی خودا پایتەختی سووننە دەبێ لە هەموو جیهان نەک تەنیا لە وڵاتی شام.
دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر سەردانی یەکەمی ئێمە بۆ مەقامی سەیدە زەینەب، گەڕاینەوە، گوتم بزانم چ گۆڕاوەو دۆخەکە بەرەو چی رۆیشتووە؟
هەر کە گەیشتینە ناوچەی سەیدە زەینەب، گۆڕانکاری خێرا و گەورە لەسەر ئاستی تائیفی روویانداوە.
نووسینی سەر ئەم دەرگایە ئێمەی راگرت. بۆنی تائیفی لەم ناوچەیە دێت. شیعەکان دەڵێن ئەم نووسینە بۆ ئیهانەکردنی ئێمەیە. هەندێکیش گوتیان ئەم نووسینانە وەک ئەوەی بڵێ پەیامن بۆ هەڵکردنی ئاگرێکی تائیفی.
ئیدی مەبەستم بوو، زووتر بگەمە نێو مەقامی سەیدە زەینەب، لەوێ چ گۆڕاوە... هەر کە گەیشتین، بەڵێ گۆڕانکاری روویداوەو بە کردار هەڕەشەکان زیاتر بوونە...
خزمەتکار لە سەیدە زەینەب: کەسيکی تووندڕەو هات، هەوڵی دا، ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی لەسەر مەقامی سەیدە زەینەب دابنێت، بەڵام دەستە بردی
هیڤیدار ئەحمەد: ئەو ئاڵایە چی بوو کە ئەو کەسە ویستی دابنێت؟
خزمەتکار لە سەیدە زەینەب: ویستی دابنێت، بەڵام پێشت ئەوەی دابنێت گرتمان. لەبەر ئەم رەفتارە هەموو ئاڵاکانی دیکەمان لەسەر سەیدە زەینەبمان هەڵگرت و لە کاتی خۆیدا هەڵدەدەینەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: لە کاتی خۆی؟
خزمەتکار لە سەیدە زەینەب: بەس کاتەکە بێت ئاڵاکان هەڵدەدەینەوە.
شێخی مەقامی سەیدە زەینەب بۆ جاری دووەمە دەیبینم، پێم دەڵێت، کێشەکان قووڵتر بوونە...
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: پێویستە لەسەر هەموو زیارەتکارێکی عێراق یەکەمجار بێتە سەر قەبری پێشەوای ئێمە موعاوییە، نیو کاژێر دابنیشێت و نیو کاژێر بگریێت. دواتر بێتە سەر مەقامی سەیدە زەینەب نیو کاژێر بگریێت و بڕوات. بەڵام ئەوە گوزارشت لە کێ دەکات!
پشیلەیەکی بچووک ئەگەر ئەزیەت بدەی بەرگری لە خۆی دەکات. ئەگەر دەست بو جووجگەی مریشک ببەی بەرگری لە خۆی دەکات. ئێمەش تەنانەت ئەگەر بە نینۆکەکانیش بێت بەرگری لە خۆمان دەکەین.
- رەنگە ئەمە بو دروستکردنی فیتنە وایکردبێت، تاوەکو نێوان تائیفەکان تێکبدات و لێکیان دووربخاتەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: هیچ نووسراوێکی دیکە ئەوها هەیە لەسەر دیوارەکان نووسرابێت.
- نا نا ئەوە یەکەم جارە دەبیستین.
شێخ ئەسعەد ئەلئەحمەدی: ئەوە شوێنی محەممەد شێخ، وابزانم حەرەسی سەوری ئێران لەوێ بوون، ئەوە دەرگای حەوزەیە. دەرگای حەوزەیە.
خەڵکی ئاگاداری نێو شیعەکانی سەیدە زەینەب، بۆ ئێمەیان باسکرد کە ئەم کردەوانە پێمان دەڵێن فیتنەکە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ ململانێیەکی قووڵ، کە بەرێگاوەیە بۆ سووریای نوێ.
چیرۆکی شیعەکان تەنیا لە سەیدە زەینەب نییە، دەبێ بگەڕێینەوە بو نێو دیمەشق، دەچینە مەقامی سەیدە روقیەی کچی ئیمام حوسێن، مەقامەکە لە کۆڵانە تەسکەکانی نێو شامی کۆندایە، نزیک مزگەوتی ئومەوی.
بەردەرگای مەقامەکە راسپێردراوە بە شەڕکەرانی دەستەی تەحریر شام، بە چەکەوە وەستاون، ئەمە سووریای نوێیە.
پێمان دەڵێن سووریای تاکلایەن و تاکڕەو کۆتایی هاتووە، ئێرە چی دیکە پێگەیەک نابێت تەنیا لەسەر شیعەکان تاپۆکرابێت. هەڵبەت ئەمە دەستەواژەیەکی قورسە بۆ مەزهەبگەرانی شیعە.
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: هێزی شیعی قبووڵ ناکەین، قبووڵ ناکەین چەکیان هەبێت و گێرەشێوێنی دروست بکەن، ئێرە بۆ هەموو کەسێکی، مەسیحی، درزی، موسلمانی شیعە و سوننە، عەلەوی هەموو کەس دەچنە ژوورێ، ئەوان رێگەیان نەدا هیچ لایەنێکی دیکە بچنە ژۆرێ دەبوایا بەس ئێرانی بێت.
ئێمە دەستی ئەوانمان شکاند و دەرمانکرد و رەوانی ئێرانمانکردنەوە، ئێرە وڵاتی سووریایە نەک هی ئێرانە.
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: ئێمە رێگە نادەین ئێرانی بێنە ئێرە و رێگە نادەین هیچ کەسێکی تائیفی بێن، ئێرە بو سووننە و شیعەیە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەدی پێشتر؟
چەکدار لە دەستەی تەحریر شام: پێشتر ئێرەیان بو لێدان لە خۆیان و جنێودان بە سەحابەی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت بەکاردەهێنا.
شەڕکەرێکی ئۆزبەکی: فەرمانمان پێ بکەن تاوەکو تەلئەڤیڤ دەچین
شەڕکەرانی موهاجری نێو ریزەکانی دەستەی تەحریری شام، زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو، بۆ بەرگریکردن لە سووریای نوێ دەخەنەڕوو.
ئەبو ئەحمەد، شەڕکەرێکی ئۆزبەکییە لەنێو ریزەکانی دەستەی تەحریر شام، پلەی ئەمیری هەبووەو ئێستا فەرماندارێکی سەربازییە، ژمارەیەکی زۆری ئەفسەرانی ئێرانی لە سووریا گرتووە. زۆر بە تووندی هەم لەسەر شیعەکان قسە دەکات، هەمیش دەڵێت، چاوەڕێی یەک ئۆکەین بگەین بە تەلئەبیب!
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: کورد هەموو پیاو باش نین، ئەوان لەگەڵ ئێران و تائیفەی شیعە و عەلەوی و پەکەکەن و ئەوان هەموو پێکەوە هێرشیان کردووە سەر ئێمە.
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: تۆ دەزانی ئەوە بە عەرەبی بخوێنیەوە؟
هیڤیدار ئەحمەد: بەڵێ
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: ئەوە وێنەیەکە سەیرکە، من بەدەستی خۆم دەستگیرکرد، سەیربکە
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە ئەفسەرێکی ئێرانییە؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: بەڵێ، پاسپۆرت وناسنامەی سووری هەبوو، ئەمە عەلەوی بوو، خەڵکی ئێران بوو، هەشت ساڵە دژی خەڵکی سووریا شەڕدەکات و ناسنامەی سووری پێدراوە و ئێستا لە ناوچەی زەهرا نیشتەجێبوو. من ئەفسەری زۆرم دەستگیرکردووە.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند ئەفسەرت دەستگیرکردووە؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: بەنێزیکی 15
هیڤیدار ئەحمەد: 15 ئەفسەر؟ شێخ ئەحمەد وەلید، ئەوە کێیە؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: ئەوە شیعەیە.
هیڤیدار ئەحمەد: شیعە مەترسیدارن؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: چۆن؟
هیڤیدار ئەحمەد: شیعە مەترسیدارن؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: بەنیسبەت ئێمە ئەوان مەترسیدار نین بەڵکو وەکو سەگ وان. ئێستا سوپاس بو خودا ئێمە گەیشتوونەتە چیایی ناوەکەی لەبیرم چووە، نێزیکی یەهودن. شەڕکەری موهاجری بەرامبەر یەهود وەستاون و رێیان لێ گرتووە تاوەکو نەتوانن بەرەو دیمەشق بێن.
هیڤیدار ئەحمەد: کێ؟
ئەبو ئەحمەد ئۆزبەکی، ئەمیر لە دەستەی تەحریر شام: یەهود، بە ئیزنی خودا بەس فەرمانێک یان کەلیمەیەک بو ئێمە بێت تاوەکو تەلئەبیب دەچین، بەس لەسەرەوە فەرمان بو ئێمە بێت شەڕ بکەین بە ئیزنی خودا لەماوەی یەک رۆژدا دەگەینە فەلەستین.
هەر لە دیمەشق بووم، گوتیان شەڕی نێو سووریا بە رووخانی ئەسەد کوتایی نەهاتووە، لە پشت ئەم بێدەنگییەی دوای ئەسەد، ململانێیەکی بێدەنگ و شاراوە هەیە.
لەگەڵ هەر هەنگاوێکی نوێ لە سووریادا، مەترسی دابەشبوون و ململانێ لەسەر ناسنامەی ئەم وڵاتە و هەڕەشەکانی تائیفی قووڵتر دەبن. ململانێیەکە تەنیا لەسەر خاک و دەسەڵات کورت نەبووەتەوە، گەیشتووەتە پیرۆزترین شوێنەکانی. وەک بەرمیلێکی بارووتی لێهاتووە، رەنگە لە هەر چرکەساتێکدا بتەقێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ