رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی حکومەتی راگوزەری سووریا رایگەیاند، نزیکەى یەک ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەر ناویان لە لیستى مووچەدا هەیە و حەپەساون بەوەى کە ژمارەى فەرمانبەرانى تۆمارکراو زۆر زیاترن لە فەرمانبەرانى کارا. هەروەها گوتى، "لە مانگى شوبات بڕیار لەسەر زیادکردنى 400%ى مووچە دەدرێت".
محەممەد ئەبازەید رایگەیاند: بەگوێرەى فەرمانى ئیدارەى نوێى سووریا، دەبوو لە سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمەوە مووچەى فەرمانبەران 400% زیاد ببووایە، بەڵام حکومەتەکەى حەپەساوە لەوەى ژمارەى فەرمانبەرانى تۆمارکراو لە کەرتى گشتى زۆر لە فەرمانبەرانى کارا زیاترن و مانگى شوبات بڕیار لە زیادکردنى 400%ى مووچە دەدرێت.
محەممەد ئەبازەید گوتى: کێشە لە لیستى دارایی هەیە، ناوى وەهمى کەسانێک هەیە کە لە ماڵەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەى بە کرداری دەوامیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کردبێت، ئەوەش بە هۆى پیادەکردنى سیاسەتى خزمخزمێنە و واستە لە لایەن رژێمى پێشووەوە.
دواى 30 رۆژ لە رووخانى دەسەڵاتى پێشوى سووریا، لە 11ى کانوونى یەکەمى 2025، حکومەتى کاربەڕێکەر لە سووریا پێکهێنرا، وەک قۆناخى بەر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لەو وڵاتە.
وەزیرى دارایی حکومەتى کاربەڕێکەرى سووریا ئاماژەى بەوەدا، نزیکەى یەک ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەر لە وڵاتەکەى هەن کە تۆمارکراون و لەگەڵ کۆتاییهاتنى وردبینی، مووچە بە فەرمانبەرانی راستەقینە دەدرێت.
لە 15ى کانوونى یەکەمى 2024، ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای ئیدارەى نوێى سووریا رایگەیاند، حکومەتى کاربەڕێکەر تاوتوێى ئەوە دەکات مووچە 400% بەرز بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ