رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان چوونەتە رۆژئاوای فورات و نێوەندی پارێزگەی دێرەزووریان کۆنترۆڵکردوە. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دەروازەی ئەلبوکەمال لە نێوان عێراق و سووریاش کەوتووەتە دەستی هەسەدە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێش ئەوەی هەسەدە پێشڕەوی بکات، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە پارێزگەکە کشابوونەوە.
بەم جۆرەش، پارێزگەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی لە کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەرکەوت و کەوتە ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان.
هەسەدە ئێوارەی رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە پێناو پاراستنی گەلەکەمان، شەڕڤانانمان لە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور لە شاری دێرەزوور و رۆژئاوای فورات بڵاوبوونەوە. ئامانجمان لەم پێشڕەوییە، پاراستنی ئاسایشی ئێمە و گەلەکەمانە."
دوو سەرچاوەی نێو سوپای سووریا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هێزەکانیان دەروازەی ئەلبوکەمالیان چۆڵکردووە و هەسەدە کۆنترۆڵیکردووە.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ ئوردن داخستنی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا راگەیاند. چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوە، گرووپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەد، کۆنترۆڵکردنی دەروازەی نەسیب - جابر سەرحانیان راگەیاند.
دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە 27ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ و خێرا کرد بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا.
دوای پارێزگەکانی حەلەب و حەما، ئێستا لە نێوەڕاستی پارێزگەی حمس نزیکبوونەتەوە کە گەورەترین پارێزگەی وڵاتەکەیە و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەشار ئەسەد لە رۆژئاوا و باشوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەبو محەممەد جۆلانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی کە ئەمڕۆ پەخشکرا، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان دیمەشق و رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەدە.
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای سووریا پارێزگەی حمسی چۆڵکردووە و دیمەشق رەتیدەکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ، گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دیمەشق، کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکەشیان راگەیاند، بەوەش لە دیمەشق نزیکتر بوونەوە.
گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگەی دەرعا و نێوەڕاستی پارێزگەی سوەیدایان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ