رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی چەکدارەکانی تەحریری شام (هەتەشە) شاری حەمایان گرت، سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، چاویان لە تۆڵەکردنەوە نییە.
رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "موجاهیدەکانمان دەستیان بە چوونە ناوەوەی شاری حەما کردووە، بۆ ئەوەی ئەو برینە تیمار بکەن کە سووریا 40 ساڵە پێوەی دەناڵێنێت. داوا لە خودای باڵادەستدەکەم کە ئەم فەتحە [رزگارکردنە] هیچ تۆڵەسەندنەوەیەکی تێدا نەبێت، بەڵکو رەحمەت و بەزەیی بێت."
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی تەحریری شام ڤیدیۆکەی جۆلانییان لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و رایانگەیاند حەمایان گرت.
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام کە دژی حکومەتی سووریان و بەشێکی زۆری پارێزگەی ئیدلیبیان لە ژێر دەستدا بوو، رۆژی 27-11-2024 هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر شاری حەلەب و کۆنتڕۆڵیانکرد. چەکدارەکان بە ئاراستەی حەما بەرەو باشووری سووریا پێشڕەوییان کرد و ئەمڕۆ رایانگەیاند، شارەکەیان گرتووە.
سوپای سووریا رایگەیاند، کۆنتڕۆڵی حەمایان لە دەستداوە، لەوکاتەوەی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011 بەرپابووە، ئەمە یەکەمجار بوو سوپای سووریا کۆنتڕۆڵی شارەکانی حەلەب و حەما لەدەستبدات.
میدیای فەرمیی سووریا لەسەر زاری سوپای وڵاتەکە رایگەیاند: "لەماوەی چەند کاژێری رابردوو، بە چڕبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەکان لەنێوان سەربازەکانمان و گرووپە تیرۆریستەکان و شەهیدبوونی چەند سەربازێکی ریزەکانمان، گرووپەکان توانییان دەروازەی شار ببڕن و بچنە ژوورەوە."
تەحریری شارم رایانگەیاند، چەکدارەکانیان گرتووخانەی ناوەندیی حەمایان شکاندووە و "سەدان بەندکراویان" ئازادکردووە. دەستەی تەحریری شام لە هۆکاری ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە رایگەیاند، "بە هەڵە دەستگیرکرابوون."
حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی دەستەی تەحریری شام کاژێر 2:50ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئێکس نووسی: "چەند گەڕەکێکی حەمامان رزگارکرد، بە ئیزنی خودا پێشڕەوی بەردەوامە."
چەند ڤیدۆیەک بڵاوبوونەتەوە کە دەردەکەوێت چەکدارەکان لە نێو گەڕەکی ئەربەعینی شارەکەن.
لەدەستدانی دووەم گەورەترین شاری سووریا پاشان چوارەم شار بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، گورزێکی کەمەر شکێنە. لە چەند ساڵی رابردوودا، بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێران، ئەسەد توانی زۆرینەی خاکی سووریا بخاتەوە ژێر ركێفی خۆی.
هەڵکەوتەی جوگرافیی حەما بۆ حکومەتی سووریا ستراتیجییە، شارەکە یەکتربڕێکی گرنگی نێوان رۆژئاوا و نێوەڕاستی سووریایە، رێگەیەکی سەرەکیی گواستنەوەی کەلوپەلیشە لە نێوان حەلەب و دیمەشقی پایتەخت.
تەحریری شام بەڵێنی ئەوەیان داوە کە زیاتر بەرەو باشوور دەڕۆن و بە ئاراستەی شاری حومس پێشڕەوی دەکەن، کە 165 کیلۆمەتر لە شاری دیمەشق دوورە.
حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی دەستەی تەحریری شام گوتی: "خەڵکە قارەمانەکەی حومس، کاتی ئێوەش هاتووە. لە دژی ستەم و زۆرداری شۆڕش رابگەیەنن."
جگە لە نێو حەما، شەڕ و بۆردوومان لە چیای زەینەلعابدین، لە باکووری شارەکە بەردەوامە. فڕۆکە رووسییەکان و سوورییەکان بۆردوومان دەکەن. لەلایەکی دیکە، بەشار ئەسەد بڕیاریداوە مووچەی سەربازانی وڵاتەکەی 50٪ زیاد بکات.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا 727 کەس، لە نێویاندا 111 سڤیل کوژراون. هاوشێوەی شەڕ و پێکدادانی ئەم هەفتەیەی سووریا، لە 2020ـەوە نەبینرابوو.
کلیلی سەرکەوتنی دەستەی تەحریری شام گرتنی شاری حەلەب بوو. دوێنێ چوارشەممە 04-12-2024، جۆلانی چووە نێو شارەکە و چەند وێنەیەکەی لە نزیک قەڵای حەلەب بڵاوکردەوە.
رۆژی چوارشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، 115 هەخزار کەس لە ئیدلیب و باکووری حەلەب ئاوارەبوونە. رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاند، نیگەرانی ئەوەن کە شەڕ ببێتە هۆی ئەوەی، خەڵکی سڤیل لەلایەن سوپا و ئۆپۆزسیۆنەوە رووبەڕووی پێشێلکاری ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ